رووداو دیجیتاڵ
لیۆنێل سکالۆنی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتینی پاڵەوانی مۆندیالی پێشوو، رووبەڕووبوونەوەی ئەمشەوی نێوان هەڵبژاردەکەی و نەمسا بەئاڵۆز ناودەبات.
سکالۆنی لە کۆنگرەی رۆژنامەنووسیی بەرلە یارییەکە دەڵێ، "نەمسا رکابەرێکی زەحمەتە، هەندێک یاریزانی زۆر باشیان هەیە، باش گوشار دەکەن، شێوازێکی یاریی راستەوخۆیان هەیە، کاروانێکی نایابیان لە پاڵاوتنەکاندا هەبووە و بینیمان کە ئەوان تیپێکن دەبێت حیسابیان بۆ بکرێت".
لیۆنێل زیاتر دەڵێ، "یارییەکەی ئەمشەو، یارییەکی ئاڵۆز دەبێت، هەردووکمان یارییەکانی یەکەممان بردووەتەوە، ئەمەش رەنگە یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی یارییەکە ببێتە نمایشێکی باشتر، بۆیە یارییەکی زەحمەت و تووند دەبێت".
سکالۆنی کە لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بەئامانجی بردنەوەی نازناوێکی دیکە رووی لە پاڵەوانێتییەکە کردووە، دەڵێ، "ئەوەی لە مۆندیالدا دەیبینین ئەوەیە، کە هیچ یارییەکی ئاسان بوونی نییە، بە تایبەتی قۆناخی کۆمەڵەکان، کە هەمیشە جۆرێک بووە لە ئاڵنگاری، رەنگە ئەم مۆندیالە زیاتر ئەوە بسەلمێنێت چونکە یارییەکان زیاترن، بەڵام قۆناخی کۆمەڵەکان هەمیشە بۆ هەمووان قورس بووە، هەروەها بارودۆخەکانیش: گەرما و ئەو راستییەی کە یارییەکە بەردەوام رادەگیرێت، ئەوە لەوانەیە لە راستیدا دەستی یارمەتیدەر بۆ ئەو تیپە درێژ بکات، کە لە رووی تیۆرییەوە کەمێک لاوازترە، چونکە کاتیان هەیە بۆ چاکبوونەوە و کاتیان هەیە بۆ ئامادەکردنی ئەو شتانەی کە پێشتر بۆیان نەرەخسابوو".
وێڕای گەشبینیی ئەرجەنتینییەکان بەبردنەوەی نازناوەکە و دەرکەوتنی هەڵبژاردەکە، بەئاستێکی باشەوە لە یاریی یەکەمی خۆی و بردنەوە بەسێ گۆڵی بێبەرامبەر، بەڵام سکالۆنی رەتیدەکاتەوە کارەکە ئاسان بێت، "ئێمە لێرەین، ئامادەین بۆ رووبەڕووبوونەوە. سەبارەت بە سوپرایزەکانیش، پێموایە لە کۆتاییدا تیپە گەورەکان دەمێننەوە؛ زۆر تیپی دیکەش هەن کە دەتوانن رکابەری بکەن، بێگومان ئەوانیش لەوێ دەبن. گومانی تێدا نییە مۆندیالێکی زەحمەت دەبێت".
هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە کۆمەڵەی دەیەم یارییدەکات، لەپاش گەڕی یەکەمی یارییەکان پێشەنگی کۆمەڵەکەی گرتووە و لەگەڵ نەمسا، هەریەکەیان سێ خاڵیان هەیە. دوایین یاریی ئەرجەنتین لە قۆناخی کۆمەڵەکان، بەرامبەر هەڵبژاردەی ئوردن دەبێت.




