رووداو دیجیتاڵ
ئەمری قەلعەنویی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئێران، رەخنەی تووندی لە راهێنەرانی سەرجەم هەڵبژاردە بەشدارەکانی مۆندیال گرت، دوای ئەوەی روونیکردەوە داوای لە هەمووان کردووە پشتگیریی هەڵبژاردەکەی بکەن، بەڵام کەسیان هەڵوێستیان نەبووە.
راهێنەری ئێران دەڵێ، بێدەنگیی راهێنەرەکان تێوەگلانە و دووپاتیدەکاتەوە، "ئێران چەوساوەترین راهێنەری مۆندیالە".
قەلعەنویی دوای یەکسانبوونی هەڵبژاردەکەی بەرامبەر بەلجیکا بەبێ گۆڵ، لە گەڕی دووەمی یارییەکانی هەڵبژاردەکە لە مۆندیالی ئەمساڵ، گوتی، "پێموانییە هیچ هەڵبژاردەیەک بەرگەی ئەوە بگرێت کە بەسەرماندا دێت".
هەڵبژاردەی ئێران کە یارییەکانی لە قۆناخی کۆمەڵەکان، لەسەر خاکی ئەمریکا ئەنجامدەدات، بەڵام کەمپەکە گواستەوە بۆ مەکسیک، پاشئەوەی فیفا رێگایدا بەوەی هەڵبژاردەکە لە مەکسیک کەمپەکەی ئەنجام بدات.
قەلعەنویی دوای یارییەکەی بەلجیکا گوتی، "لە خراپترین دۆخدا هاتینە مۆندیال، خولەکەمان وەستابوو، داوای کەمپمان کرد و دوای چەند رۆژێک گوتیان کەمپەکەتان ببەنە تیخوانا. ئێمە لە ماوەی 16 کاژێردا دووجار گەشتدەکەین، ئێستاش دەبێ پاش یارییەکە راستەوخۆ بگەڕێینەوە فڕۆکەخانە و بگەڕێینەوە تیخوانا".
ئەو هەروەها دەڵێ، "پێموایە هیچ راهێنەرێک توانای بەرگەگرتنی ئەوەی نییە کە بەسەر ئێمەدا هاتووە، یاریزانەکانم بەدڵەوە یاریی دەکەن، ئەوەش بۆ نەوەکانی داهاتوو دەمێنێتەوە کە ئەوان چیدەکەن".
راهێنەری ئێران ئاشکرایکردووە، داوای پشتگیریی 47 راهێنەری هەڵبژاردەکانی دیکەی لە پاڵەوانێتییەکە کردووە، بەڵام کەس وەڵامی نەداوەتەوە، ئەو دەڵێ، بێدەنگیی ئەوان، جۆرێکە لە تێوەگلان.
قەلعەنویی زیاتر دەڵێ، ئەگەر هەر هەڵبژاردەیەکی دیکەی ئەوەی بەسەردابهاتایە، من دەنگم هەڵدەبڕی و بەرگریم لێدەکردن، چونکە ئێمە لێرەین لەپێناو تۆپی پێ، نەک سیاسەت.
هەڵبژاردەی ئێران کە لە کۆمەڵەی حەوتەمی مۆندیال یارییدەکات، لە دوای ئەنجامدانی دوو یاریی، بە دوو خاڵ پلەی دووەمی کۆمەڵەکەی گرتووە و دوایین یاریی لە قۆناخەکەدا، بەرامبەر میسر دەبێت کە پێشەنگی کۆمەڵەکەیە.




