رووداو دیجیتاڵ
دوای درەوشانەوەی دێنیز ئونداڤی هێرشبەری کوردی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە یاریی بەرامبەر کۆتدیڤوار و تۆمارکردنی دوو گۆڵ، میدیاکان ئاوڕیان لە پاشخان و مێژووی ئەو ئەستێرەیەی کورد داوەتەوە.
ئاژانسەکان لە ژێر ناونیشانی "ئونداڤ.. ئەو کوردە ئێزدییەی ئەڵمانیای لە شکست رزگارکرد" باسیان لە ئونداڤی کوردان کردووە.
راپۆرتەکە دەڵێ، دێنیز ئونداڤی هێرشبەری ئەڵمانیا کە رەچەڵەکی کوردی ئێزدییە، گرێکوێرەی وڵاتەکەی لە مۆندیالدا کردەوە، پاشئەوەی پێشەوایەتیی هەڵبژاردەکەی کرد بۆ تێپەڕاندنی قۆناخی کۆمەڵەکانی پاڵەوانێتییە جیهانییەکە، بۆ یەکەمجار لە دوای مۆندیالی 2014ەوە.
راپۆرتەکە دەڵێ، ئەڵمانیا ساڵانێکی بەرچاو تووشی گرێکوێرەی تێنەپەڕین لە قۆناخی کۆمەڵەکانی مۆندیالی هەبوو، پاشئەوەی لە هەردوو مۆندیالی 2018 و 2022 نەیتوانی قۆناخی کۆمەڵەکان تێپەڕێنێت، بەڵام ئونداڤ گرێکوێرەکەی کردەوە.
دایک و باوکی دێنیز خەڵکی وێرانشاری سەر بە رووهان لە باشووری رۆژئاوای تورکیا (باکووری کوردستان)، باوکی کوردی ئێزدییە و دایکی وڵاتینامەی سووریای هەیە. ئەوان دوای هەڵهاتنی باوانیان لەپاش کودەتای سەربازیی 1980ی تورکیا، لە ئەڵمانیا گیرسانەوە.
ئونداڤ لەبارەی پێشەنگیەوە لە ژیاندا، لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵی، "باوکم نموونەی باڵای منە، ئەو هاتە ئێرە و هیچی نەبوو، خۆی خۆی دروستکرد، منیش هەموو هەوڵی خۆم دەدەم بۆ ئەوەی وابکەم باوکم شانازیم پێوە بکات و دە هێندەی ئەوەی بۆ بکەم، کە ئەو لەپێناو ئێمەدا کردی".
دێنیز زیاتر باسی ژیانی خۆی کردووە و دەڵێ، "باوکم دوو تاوەکو سێ کاری بەردەوامی دەکرد، بۆ ئەوەی ژیانی ئێمە دابین بکات، وەک کورد و وەک ئێزدی ئێمە دەوڵەتی خۆمان و هەڵبژاردەی نیشتمانیی خۆمانمان نییە، لەبەرئەوە ئێمە لە هەرکوێ بین، بنەچەی خۆمان لە دڵماندا هەڵدەگرین".
وەک راپۆرتە رۆژنامەوانییەکە دەڵێ، "ئێزدییەکان گرووپێکی نەتەوەیی ئایینین کە نزیکەی ملیۆنێک کەس دەبن و زۆرینەیان کوردن و خۆیان بەکورد دادەنێن، زۆرینەیان ئێستا وەک دیاسپۆرا لە ئەڵمانیا دەژین کە ژمارەیان لەو وڵاتە، نزیکەی 200 هەزار کەسە".
راپۆرتەکە زیاتر دەڵێ، "ئونداڤ کە ئەمساڵ تەمەنی دەبێتە 30 ساڵ، لە کاروانی یارییکردنی خۆیدا بەرز و نزمیی زۆری بینیوە، ئەو بەراورد بە یاریزانانی دیکە، درەنگ کاروانی خۆی دەستپێکردووە، لە پرێمەرلیگ لەگەڵ برایتۆن رووبەڕووی ئاستەنگی زۆر بووەوە و بەهۆی رکابەری لەگەڵ دانی ویلبێک، لیاندرۆ ترۆسارد و ئیاڤان فریگسۆن زەحمەتیی زۆری بینی و ناچاربوو دوای وەرزێک، یانەکە بەجێبهێڵێت. لە ڤێردەبرێمەن بەهۆی بچووکی باڵایەوە رەتکرایەوە، تاوەکو ئەوکاتەی لەگەڵ شتوتگارت درەوشایەوە و کاروانە پڕ سەرکەوتنەکەی خۆی دەستپێکرد.
ئونداڤ وەرزی رابردوو لە بۆندێسلیگای ئەڵمانیا، 19 گۆڵی تۆمارکرد و دووەم گۆڵکەری خولەکە بوو، پاش هاری کەین.


.jpg&w=3840&q=75)

