رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی مەکسیک دەیەوێت لە دڵخۆشکردنی هاندەرانی بەردەوامبێت و بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات، دوای ئەوەی لە یەکەم یاریی مۆندیالدا بە ئامادەبوونی زیاتر لە 80 هەزار هاندەر سەرکەوتنی بەرامبەر ئەفریقای باشوور بەدەستهێنا.
ئەمڕۆ یارییەکانی گەڕی دووەمی مۆندیال دەستپێدەکەن، بەرەبەیانی رۆژی هەینی کاژێر 04:00 هەڵبژاردەی مەکسیک دوای ئەوەی بەهێزەوە چووە نێو رکابەرییەکە و لە یەکەم دەرکەوتنیدا سەرکەوتنی بەرامبەر ئەفریقای باشوور بەدەستهێنا، دووەم یاریی خۆی ئەنجامدەدات و ئەمجارە بەرامبەر هەڵبژاردەی کۆریای باشوور یاریی دەکات و هەردوو تیپ رکابەری لەسەر پێشەنگی ریزبەندی کۆمەڵەکە دەکەن.
لە یاریی یەکەمدا هەردوو هەڵبژاردە سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە و کامیان یارییەکە بباتەوە، سەرکەوتنی بۆ قۆناخی دووەم مسۆگەر دەکات، بەڵام بۆ هەردووکیان یارییەکە ئاسان نابێت.
یارییەکە لە یاریگای ئاکرۆن لە گوادالاخارا بەڕێوەدەچێت و 45 هەزار هاندەر دەتوانن لە یاریگا ئامادەبن، بەدڵنیاییەوە هیچ شوێنێکی بەتاڵ بۆ هاندەران نامێنێتەوە.
لە یارییەکەدا سیزار مۆنتێس، بەرگریکاری هەڵبژاردەی مەکسیک دوای ئەوەی لە یاریی کردنەوەدا کارتی سووری وەرگرت بەشداری لە یارییەکەدا ناکات.
هەڵبژاردەی کۆریای باشوور دەیەوێت بۆ مۆندیالی دووەم لەسەریەک بگاتە قۆناخی دووەم، کاتێک لە یارییەکی لووتکەدا بەرامبەر هەڵبژاردە مەکسیک یاریی دەکات.
لە دوایین مەشقەکانی هەڵبژاردەکەدا رووداوێکی چاوەڕواننەکراو روویداوە و لە نزیک شوێنی مەشقەکانی تیپەکە هەوڵدراوە درۆنێک بفڕێنرێت بۆ ئەوەی چاودێریی مەشقەکانی هەڵبژاردەکە بکات، بەڵام هێزە سەربازییەکانی مەکسیک لە شاری گوادالاخارا رێگرییان لەو رووداوە کردووە.
سەرچاوەیەک کە بەبێ ئەوەی ناوی ئاشکرا بکرێت باس لەوە دەکات، هێزە سەربازییەکان ئامێرێکی تایبەتیان بەکارهێناوە بۆ دەستنیشانکردنی درۆنێکی تۆمارنەکراو، بەمەش بڕیاریانداوە رێگە لە فڕینی درۆنەکە بکەن.
بەرپرسێک دەڵێت "لە چەند رۆژی رابردوودا چەند درۆنێک پووشەڵکراونەتەوە کە هەوڵیانداوە نزیکی یاریگای مەشقی تیپە جیاوازەکان و شوێنی ئاهەنگی هاندەران ببنەوە.
کۆریای باشوور لە یاریی یەکەمیدا سەرکەوتنی بەرامبەر هەڵبژاردەی چیک بەدەستهێنا و دەیەوێت بەبردنەوە لە مەکسیک، هەر زوو سەرکەوتنی بۆ قۆناخی داهاتووی مۆندیال یەکلابکاتەوە و بۆ جاری دووەم لەسەریەک بگاتە قۆناخی دووەم.




