رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی کابۆ ڤێردی خاڵێکی مێژوویی لە چنگی ماتادۆرەکانی ئیسپانیا دەرهێنا، دوای ئەوەی لە یەکەم یاریی خۆیاندا لە مۆندیالی 2026 بە بێ گۆڵ یەکسان بوون.
هەرچەندە هەڵبژاردەی ئیسپانیا یەکێکە لە پاڵێوراوە سەرەکییەکان بۆ بەدەستهێنانی نازناوی مۆندیال، بەڵام لە یەکەم دەرکەوتنیدا رووبەڕووی دیوارێکی بەرگریی
پۆڵاین بووەوە کە هەڵبژاردەی کابۆ ڤێردی بوو، کە ئەمە یەکەمین بەشداریی مێژوویی ئەوانە لە مۆندیال.
ڤۆزینیا، گۆڵپارێزی بە ئەزموونی کابۆ ڤێردی، ئەستێرەی یەکەمی یارییەکە بوو و وەک دیوارێکی پتەو لەبەردەم هێرشەکانی ئیسپانیا وەستایەوە، بەتایبەتی لە کۆتاییەکانی نیوەی یەکەمدا کە چەندین گۆڵی مسۆگەری گەڕاندەوە.
ئیسپانیا بە درێژایی یارییەکە کۆنترۆڵی تۆپی کردبوو، بەڵام یەکەم هەڕەشەی راستەقینە لە کۆتاییەکانی نیوەی یەکەمدا بوو، کاتێک فێران تۆرێس تۆپێکی بەهێزی ئاراستەی گۆڵ کرد و بەر ستوونی گۆڵەکە کەوت، لە گەڕانەوەی تۆپەکەشدا ڤۆزینیا بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش لێدانێکی سەری ئۆیارزابالی دوورخستەوە.
لە نیوەی دووەمیشدا، دی لا فۆینتی، راهێنەری ئیسپانیا، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گۆڵنەکردن، لە خولەکی 71دا لامین یامالی ئەستێرەی لاوی هێنایە نێو یاریگا، بەڵام لامین و هاوڕێکانیشی نەیانتوانی دیوارە بەرگرییەکەی کابۆ ڤێردی تێکبشکێنن.
بەو ئەنجامە، هەردوو هەڵبژاردە خاڵێکیان وەرگرت و چاوەڕێی ئەنجامی یارییەکەی نێوان سعودیە و ئۆرۆگوای دەکەن، کە بڕیارە بەرەبەیانی سێشەممە بەڕێوەبچێت بۆ دیاریکردنی پێگەی تیپەکان لە کۆمەڵەکەدا.



