رووداو دیجیتاڵ
کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی هەڵبژاردەی فەرەنسا، لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی پێش یارییەکەی کەڵەشێرەکانی فەرەنسا بەرامبەر سەنیگال ئامادە نابێت، کە یەکەمین یارییانە لە دەستپێکی مۆندیالی 2026.
بەیانی سێشەممە، هەڵبژاردەی فەرەنسا یەکەم هەنگاوی خۆی لە جامی جیهانی 2026 بە رووبەڕووبوونەوەی سەنیگال دەستپێدەکات.
بڕیار وابوو دیدێ دیشام، راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا، وەک هەمیشە لەگەڵ کیلیان ئێمباپێی کاپتنی هەڵبژاردەکە لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا ئامادەبن، بەڵام بەگوێرەی رۆژنامەی لیکیپی فەرەنسی، ئەمجارە ئینگۆلۆ کانتێ لە یاریگای مێتلایف ئامادەی کۆنفراسەکە دەبێت.
دیارە ئەم بڕیارە پەیوەندی بە کاتی قسەکردنەوە نییە، بەڵکو زیاتر پەیوەندی بە پشوودانی یاریزانەکەوە هەیە؛ چونکە یاریگاکە لە بنکەی مەشق و راهێنانی هەڵبژاردەی فەرەنساوە دوورە و ئەمەش وا دەکات راهێنەر و یاریزانەکە کاتێکی زۆر لەناو ئۆتۆمبێلدا بەسەربەرن.
بۆیە، بۆ ئەوەی ئێمباپێ لەو ماندووبوونە بەدوور بێت، فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا یاریزانێکی دیکەی هەڵبژاردووە کە ئەویش ئینگۆلۆ کانتێیە، کە چاوەڕوان دەکرێت شەوی سێشەممە لە پێکهاتەی سەرەکی بەرامبەر سەنیگال یاری نەکات.




