رووداو دیجیتاڵ
وڵاتێکی دیکەی سەرنجڕاکێش لە مۆندیالدا، کەیپ ڤێردییە، ئەو وڵاتەی ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 500 هەزار کەسە و وەکو سێیەم بچووکترین وڵات لە مێژووی مۆندیالدا یاریی دەکات.
کەیپ ڤێردی لە کۆمەڵێک دوورگەی جیاواز پێکدێت لە 10 دوورگەی گڕکانی لە کەناراوەکانی رۆژئاوای ئەفریقا، ئەوان توانیان لە پاڵاوتنەکاندا بە ئاستێکی بەرزەوە دەربکەون و راستەوخۆ خۆیان گەیاندە یارییەکانی مۆندیالدا، لەکاتێکدا لە کۆمەڵەیەک بوون کامیرۆن و ئەنگۆلای تێدا بوو.
کوسە شینەکان نازناوی هەڵبژاردەی کەیپ ڤێردییە، ئەوان لە پاڵاوتندا هەموو یارییەکانی یاریگای خۆیان بردەوە و هیچ گۆڵێکیان لێنەکرا.
هەڵبژاردەکە یەکەمجارە بەشداری لە مۆندیالدا دەکات، بەهای پێکهاتەی تیپەکەیان 54 ملیۆن یۆرۆیە، تەنیا نرخی ئێستای لامین یامال لە بازاڕی گواستنەوەدا چوار هێندەی هەموو پێکهاتەی ئەو هەڵبژاردەیەیە.
یەکەم یارییان لە مێژووی مۆندیالدا بەرامبەر هەڵبژاردەی ئیسپانیایە و ئەوە وەکو دەستکەوتێکی گەورە و گرنگ بۆ هەڵبژاردەکە سەیر دەکرێت.
پێش ئەنجامدانی یارییەکانی لە مۆندیالدا، کەیپ ڤێردی دوو یاریی دۆستانەی بەرامبەر دوورگەی بەرمودا و سێربیا ئەنجامدا و هەردوو یارییەکەی بردەوە.
لۆگان کۆستا، بەرگریکاری هەڵبژاردەکەیە، پێشتر بۆ تیپە جیاوازەکانی فەرەنسا یاریی دەکرد، ئێستا لە دڵی بەرگریی کەیپ ڤێردی یاریی دەکات و گرانترین یاریزانی نێو پێکهاتەکەیە بە 15 ملیۆن یۆرۆ و لە 2024ـەوە پەیوەندیی بە ریزەکانی یانەی ڤیاڕیالی ئیسپانییەوە کردووە.




