رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئەرجەنتین بەفەرمی داوای لە دەسەڵاتدارانی ئەمریکا کردووە کە رێگری لە 13 هەزار هاندەری ئەرجەنتینی بکەن بۆ ئامادەبوون لە یارییەکانی جامی جیهانی 2026 کە بڕیارە هاوینی ئەمساڵ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێوەبچێت.
ئەرجەنتین وەک هەڵگری نازناوەکە دەچێتە ناو پاڵەوانێتییەکە و یەکێکە لە دیارترین بەربژێرەکان بۆ بەرزکردنەوەی جامەکە لە مانگی داهاتوودا.
پێکهاتەکەی لیۆنێل سکالۆنی راهێنەر لە گرووپی دەیەمە بەسەرکردایەتی ئەستێرە لیۆنێل مێسی، یاریزانی پێشووی بارسێلۆنا، کە یەکەم یاریی خۆی بەرامبەر جەزائیر لە کانزاس سیتی لە کاژێرە سەرەتاییەکانی بەیانی رۆژی چوارشەممە ئەنجام دەدات، هەروەها رووبەڕووی نەمسا و ئوردن دەبێتەوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ سەرکەوتن بۆ قۆناخەکانی کۆتایی.
چاوی جیهان لەم هاوینەدا لەسەر ئەرجەنتینە، لەگەڵ ئەوەشدا حکومەتی وڵاتەکەی رژدە لەسەر ئەوەی رێگە بە کۆمەڵێک هاندەر نەدرێت گەشت بکەن بۆ ئامادەبوون لەم یارییانەدا.
رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی ئاماژەی بەوە کردووە کە بەرپرسانی ئەرجەنتین لیستێکیان پێشکەش بە ئەمریکا کردووە کە ناوی نزیکەی 13 هەزار باوک و دایکی تێدایە کە لە پێدانی خەرجی منداڵەکانیان دواکەوتوون.
حکومەتی ئەرجەنتین پێیوایە ئەو دایک و باوکانەی نەیانتوانیوە لەڕووی داراییەوە پاڵپشتی منداڵەکانیان بکەن، نابێت رێگەیان پێبدرێت ئامادەی جامی جیهانی 2026 بن. خۆرخێ ماکری، سەرۆکی شارەوانی بۆینس ئایرێس رایگەیاند "ئەگەر بژێوی منداڵەکانیان دابین نەکەن، رێگەیان پێنادرێت بچنە ناو یاریگاوە".
ئەم هەڵوێستە تووندەی ئەرجەنتین لەسەر بنەمای دەستپێشخەرییەکی حکومەتی نیشتمانییە بە ناوی 'یاریگا سەلامەتەکان'. بەرنامەکە ئامانجی دەستنیشانکردن و سزادانی ئەو باوکانەیە کە پارە پەیدا دەکەن بۆ ئامادەبوون لە چالاکییە وەرزشییەکان، بەڵام پێداویستییە سەرەتاییەکانی منداڵەکانیان پشتگوێ دەخەن.
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن ئەو لیستەی رادەستی بەرپرسانی ئەمریکا کراوە، ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە قەرزاری خەرجی منداڵن و پێشتر لە دادگاکانی ئەرجەنتین سەلمێنراوە کە لە پارەدان دواکەوتوون.
لە مانگەکانی رابردوودا جەختکردنەوە لەسەر دۆزینەوەی شوێنی ئەو کەسانەی لە پارەدان دواکەوتوون زیادیکردووە، حکومەتی ئەرجەنتین هیوادارە لە رێگەی هاوبەشکردنی لیستەکە لەگەڵ دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسا لە ئەمریکا، بتوانێت هەر کەسێک بناسێتەوە کە قەرزی لەسەرە و هەوڵی ئامادەبوون لە یارییەکی جامی جیهانی دەدات.
دەستپێشخەری 'یاریگا سەلامەتەکان' لە دوای فراوانبوونی لە ساڵی 2023ـەوە پشتگیرییەکی بەرفراوانی لەلایەن کۆمەڵگەی ئەرجەنتینییەوە لێکراوە. ئامارە فەرمییەکان پشتڕاستی دەکەنەوە کە پشکنین بۆ زیاتر لە 4 ملیۆن بینەر لە 1328 یاری تۆپی پێدا کراوە، لەو ماوەیەدا 1166 کەس دەستنیشانکراون کە فەرمانی دەستگیرکردنیان هەبووە، لەگەڵ دەرکردنی چەندین بڕیاری قەدەخەکردنی کارگێڕی.
لیستە فراوانەکە جگە لە ئاگادارکردنەوەی بەرپرسانی ئەمریکا لە خاوەن قەرزەکان، ئەو کەسانەش دەگرێتەوە کە مێژوویەکیان لە ئەنجامدانی تاوانی تووندوتیژی هەیە.
پاتریشیا بوڵریچ، وەزیری ئاسایشی نیشتمانی گوتی "لیستەکە ناوی زیاتر لە 15000 کەسی تێدایە کە رێگرییان لێدەکرێت بچنە ناو یاریگاکانەوە، ئەمە بۆ ئێمە زۆر گرنگە، چونکە هیچ کەسێکی تووندوتیژ کە هەر تاوانێکی لە یاریگاکانی ئەرجەنتین ئەنجام دابێت ناتوانێت ئامادەی ئەم چالاکییە وەرزشییە بێت".




