رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی پۆرتوگال بەسەرکردایەتیی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، گەیشتە ئەمریکا بۆ بەشداریکردن لە مۆندیال و راستەوخۆ چووە ویلایەتی فلۆریدا و ئەمڕۆ ئامادەکارییەکانی بۆ یارییەکان درێژە پێدەدات.
هەڵبژاردەکە سەرلەبەیانی رۆژی هەینی دوایین مەشق و راهێنانەکانی لە پۆرتوگال ئەنجامدا، دوای ئەوە بە رێوڕەسمێکی فەرمی بەرەو ئەمریکا بەڕێکرا و دوای چەند کاژێرێک مانەوە لە ئاسمان، هەڵبژاردەکە بە فڕۆکەیەکی تایبەت کە ئاڵای وڵاتەکەی لەسەر گەیشتە ئەمریکا و لەلایەن هاندەرانی پۆرتوگالەوە پێشوازیی لێکرا.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ و ئەستێرەکانی دیکەی پۆرتوگال سەرجەم بە یەک شێوازی جلوبەرگ، بە قاتی رەساسی و تیشێرتی نیلییەوە لە فڕۆکەکە دابەزین و چوونە نێو پاسێکی تایبەت بۆ بەڕێکەوتن بەرەو شوێنی مانەوەیان.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە پاسی هەڵبژاردەکە دابەزی و سڵاوی لە هاندەرانی هەڵبژاردەکە کرد، دوای ئەوە چووە بنکەی سەرەکی هەڵبژاردەکە لە پاڵم بیچ.
پێش بەڕێکەوتنیان بۆ ئەمریکا، کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە پەیامێکدا بۆ گەلی پۆرتوگال گوتی " لە کۆتاییدا دەزانین کێ مۆندیال دەباتەوە، نەوەیەکی زۆرباشمان هەیە، بەڵام هەندێک هۆکار هەن لەژێر کۆنتڕۆڵی ئێمەدانین، بڕوام وایە ئەم نەوەیەی ئێمە دڵخۆشییەکی زۆر بۆ گەلەکەمان دەهێنن".
کریس ئامادەیی خۆی بۆ مۆندیال دووپاتکردەوە و گوتی "من لەڕووی جەستەییەوە باشم و ئامادەم".
پۆرتوگال ئەمڕۆ یەکەم مەشقی خۆی لە ئەمریکا ئەنجامدەدات و خۆی بۆ یەکەم یاریی مۆندیال ئامادەدەکات، کە رۆژی چوارشەممە بەرامبەر کۆنگۆی دیموکرات یاریی دەکات.




