رووداو دیجیتاڵ
ئامادەکارییەکانی بەرازیل بۆ یەکەم یاریی مۆندیال بەردەوامن، تاوەکو ئێستا نەیمار داسیلڤا بەشداریی لە مەشقە بە کۆمەڵەکاندا نەکردووە و بە ئەگەری زۆرەوە لە یاریی یەکەمدا یاریی ناکات.
سیلیساو لە نیوجێرسی درێژەی دایە ئامادەکارییەکانی، جارێکی دیکە بەهۆی ئەو پێکانەی لە ماسوولکەکانی قاچیدا تووشی بووە، نەیمار داسیلڤا نەیتوانی بەشداری لە مەشقە بە کۆمەڵەکاندا بکات و بە تەنیا لە هۆڵی راهێنان مەشقەکانی ئەنجامدا.
میدیای بەرازیل دەڵێت "نەیمار لە قۆناخی شیاندنەوە لە دوای پێکانەکەی هەنگاوی باشی بڕیوە، میدیای بەرازیل گەشبینن بەوەی ئاستێکی باش لە مۆندیالدا پێشکەش بکات".
نەی خۆی ئامادەدەکات، بۆ ئەوەی بۆ یارییەکانی مۆندیال بەتەواوی و بە توانایەکی جەستەیی زۆرباشەوە ئامادەبێت، بەڵام دیارنییە کەی بەتەواوی دەگەڕێتەوە نێو پێکهاتەی تیپەکە.
رۆناڵدۆ دێلیما، ئەستێرەی پێشووی بەرازیل هێرشبەر و گۆڵکاری پێشووی هەڵبژاردەکە دەڵێت "ئەنچێلۆتی ئەفسانەیە، ئەو یەکێکە لە باشترینەکانی مێژوو، ئێمە زۆر دڵخۆشین کە ئەو راهێنەرمانە. بێگومان ئەو کۆمەڵێکی زۆر لە یاریزانی بەهرەمەندی لەبەردەستە و دەبینین چی دەکات. دڵنیام کارێکی ناوازە و بێوێنە ئەنجام دەدات'.
لەلایەن خۆیەوە کافۆ، کاپتنی پێشووی بەرازیل گوتی "گەشبینم بە هەلی بەرازیل بۆ بردنەوە، چونکە تیپیکی نایاب و راهێنەرێکی گەورەمان هەیە، مۆندیال ئاسان نییە، بەڵام بەڕاستی چێژ لە سەیرکردنی یارییەکانی بەرازیل دەبینم".
بەرازیل لە سەنتەری رێدبوڵز مەشقەکانی ئەنجامدەدات، یەکێک لە گەورەترین سەنتەرەکانە و لەسەر رووبەڕی 80 ئێکتەر بونیادنراوە، بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە لە یەکەم دەرکەوتنیاندا لە مۆندیال بەرامبەر مەغریب یاریی دەکەن.




