رووداو دیجیتاڵ
یەکێکی دیکە لە وڵاتە میواندارەکانی مۆندیال، یەکەم یاریی خۆی لە رکابەرییەکەدا ئەنجامدەدات و کەنەدا بەرامبەر بۆسنە یاریی دەکات.
لە رکابەرییەکانی گەڕی یەکەمی کۆمەڵەی دووەمدا، ئەمشەو لە تۆرنتۆ، هەڵبژاردەی کەندا، یەکێک لە سێ میواندارەکانی مۆندیال، یەکەم یاریی خۆی ئەنجامدەدات و بەسەرکردایەتیی ئەلفۆنسۆ دەیڤز، رووبەڕووی هەڵبژاردەی بۆسنە دەبێتەوە و یارییەکە کاژێر 22:00 بەڕێوەدەچێت.
هەڵبژاردەکە هەرسێ یارییەکانی قۆناخی کۆمەڵەکان لەنێو خاک و هاندەرانیدا ئەنجامدەدات، ئەمەش دەبێتە پاڵپشتییەکی زیاتر بۆ تیپە سوورپۆشەکە، بۆ ئەوەی ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنێت و رکابەری لەسەر گەیشتن بە قۆناخی دووەم بکات.
کەنەدا سێ جار بەشداریی لە مۆندیالدا کردووە، لە 1986 لە مەکسیک و لە مۆندیالی رابردوودا لە قەتەر، هەڵبژاردەکە هەردوو جار لە قۆناخی کۆمەڵەکان کرایە دەرەوە و هێشتا هیچ بردنەوەیەکی لە مۆندیالدا نییە، ئەمجارە دەیەوێت سوود لە یاریگا و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی لە سێیەم بەشداریکردنیدا بردنەوە تۆماربکات.
دەیڤز بە دیارترین ئەستێرەی لێس رۆگێس دادەنرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی پێکانی هەبوو و بەتەواوی چاکنەبووەتەوە بە ئەگەری زۆرەوە لە یاریی یەکەمدا ناتوانێت یاریی بکات، بەڵام جۆناسان دەیڤد، هێرشبەری یوڤێنتوس ئامادەیە بۆ ئەوەی سەرکردایەتیی هێڵی پێشەوەی تیپەکە بکات.
هەڵبژاردەی بۆسنە بە سەرکردایەتی ئەستێرە و هێرشبەری بە ئەزموونی هەڵبژاردەکە، ئێدین دزیکۆ، یەکەم یاریی خۆی لە مۆندیالدا ئەنجامدەدات.
بۆسنە لە ئاداری رابردوودا، لە دوایین پاشکۆی پاڵاوتنەکانی کیشوەری ئەورووپادا، سەرکەوتنێکی مێژووییان بەرامبەر هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بەدەستهێنا و دوای 12 ساڵ جارێکی دیکە خۆیان گەیاندەوە مۆندیال و بۆ جاری دووەم لە مێژووییاندا بەشداری لە گەورەترین پاڵەوانێتی تۆپی پێی جیهاندا دەکەن.
دزیکۆ و هاوڕێکانی لە دوایین بەشداریکردنیاندا لە مۆندیالدا کە لە 2014 بوو لە قۆناخی یەکەمدا دوو یارییان بەرامبەر ئەرجەنتین و نایجیریا دۆڕاند و یارییەکیان لە ئێران بردەوە، بەڵام نەیانتوانی هیچ بکەن و کرانە دەرەوە.
ئەمشەو هەڵبژاردەکە یەکەم یاریی خۆی لە مۆندیالی 2026 ئەنجامدەدات و رووبەڕووی هەڵبژاردەی کەنەدا دەبێتەوە.
تیپەکە لە ئوتای ئەمریکا دوایین ئامادەکارییەکانی بۆ ئەم یارییە ئەنجامدا و ئەمشەو بەرامبەر یەکێک لە وڵاتە میواندارەکانی مۆندیال یاریی دەکات و لە تۆرنتۆ رووبەڕووی کەنەدا دەبێتەوە.
ئێدین دزیکۆی 40 ساڵ، ئەستێرەی دیار و بەنێوبانگی هەڵبژاردەکەیە، دووەم مۆندیالە بەشداری دەکات، 148 یاریی وەکو یەکەم یاریزان بەدرێسی هەڵبژاردەکەوە ئەنجامداوە و بە تۆمارکردنی 73 گۆڵ گۆڵکاری مێژوویی وڵاتەکەیەتی، دەیەوێت پێش وازهێنانی لە یارییکردن هاوکاریی تیپەکەی بکات، بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش.




