رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی ئەمریکا، یەکەم یاریی خۆی لە مۆندیالدا ئەنجامدەدات و لەنێو یاریگا و هاندەرانیدا بەرامبەر هەڵبژاردەی پاراگوای یاریی دەکات و بەرەبەیانی رۆژی شەممە کاژێر 04:00 رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
ئەمریکا لە کالیفۆرنیا، دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی بۆ یارییەکە ئەنجامدا، تیپەکە بە سەرکردایەتیی کریستیان پولیسیچ دەیەوێت لە یەکەم دەرکەوتنیدا بە ئەنجامێکی باشەوە دەربکەوێت و یەکەم بردنەوە لە رکابەرییەکەدا تۆمار بکات.
ئەمریکا پێش مۆندیال دوو یاریی دۆستانەی بەرامبەر سەنیگال و ئەڵمانیا ئەنجامدا، یارییەکی بردەوە و لە یارییەکیشدا دۆڕا، بەڵام تیپەکەی ماوریسیۆ پۆچێتینۆ، بۆ یارییەکە ئامادەیە و دەیەوێت یەکەم سێ خاڵ لە رکابەرییەکەدا بباتەوە.
ئەمریکا پێشتر 12 جار بەشداریی لە مۆندیالدا کردووە، لە 1930 باشترین ئەنجامی بەدەستهێنانی پلەی سێیەم بووە، هەڵبژاردەکە لە دوای مۆندیالی 2002ـەوە نەیتوانیووە بگاتە قۆناخی چارەکی کۆتایی، ئەمجارە چاوی لەوەیە سوود لە یاریگا و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی ئەنجامێکی باشتری لە مۆندیالەکانی رابردوو هەبێت.
ئەمریکا لەلایەن ماوریسیۆ پۆچێتینۆوە، راهێنەرایەتیی دەکرێت، راهێنەرەکە ئەزموونێکی زۆری هەیە و دەیەوێت هاوکاریی هەڵبژاردەکە بکات، بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش لە یەکەم دەرکەوتنیاندا.
هەڵبژاردەی پاراگوای بۆ ئەنجامدانی یەکەم یاریی لە مۆندیالدا ئامادەیە و بەرەبەیانی رۆژی شەممە بەرامبەر ئەمریکای میوانداری پاڵەوانێتییەکە یاریی دەکات.
هەڵبژاردەکە بە سەرکردایەتیی میگێل ئالمیرۆنی ناوەڕاستکاری نێوداری تیپەکە و وەکو یەکێک لە دیارترین ئەستێرەکانی هەڵبژاردەکە دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی لە کالیفۆرنیا ئەنجامدا و لە لۆس ئانجلێس یەکەم یاریی خۆی لە پاڵەوانێتییەکەدا ئەنجامدەدات.
پاراگوای یەکەمجارە لە دوای مۆندیالی 2010ـەوە بەشداری لە مۆندیالدا دەکات، هەڵبژاردەکە پێشتر 9 جار بەشداریی لە مۆندیالدا کردووە و باشترین ئەنجامیان لە مۆندیالی 2010 بوو کاتێک گەیشتنە قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکە.
پێش چوونی بۆ نێو رکابەرییەکانی مۆندیال، پاراگوای سێ یاریی دۆستانەی ئەنجامدا، دوو یاریی لە یۆنان و نیکاراگوا بردەوە و بەرامبەر هەڵبژاردەی مەغریب دۆڕا، تیپەکە ئامادەیە بۆ ئەوەی رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی یەکەم سێ خاڵی کۆمەڵەی چوارەمی مۆندیال بکات.

.jpg&w=3840&q=75)


