رووداو دیجیتاڵ
دیاردە نائاسایییەکان بەردەوامن لە یاوەریکردنی ئەو هەڵبژاردانەی بەشداری مۆندیالی 2026 دەکەن؛ رۆژنامەی "ئابۆلا"ی پورتوگالی بڵاویکردەوە کە سێ تیمساح لە نزیک بنکەی مەشق و راهێنانی هەڵبژاردەی پورتوگال لە مەیامی بینراون.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە یاریگای مەشق و راهێنانەکە لە تەنیشت دەریاچەیەکدایە کە تیمساحی تێدا بینراوە لەو ناوچانەی دەوروبەری کۆمەڵگا وەرزشییەکە، ئەمەش وایکردووە هۆشداری بدرێتە یاریزانان و ستافی تەکنیکی بۆ ئەوەی لە ماوەی ئامادەکارییەکاندا وریای خۆیان بن.
پورتوگال تاکە تیپ نەبوو کە رووبەڕووی ئەم بارودۆخە ببێتەوە، بەڵکو هەڵبژاردەی نەرویجیش هۆشداریی پێدراوە سەبارەت بە بوونی مار، تیمساح و ئاژەڵە کێوییە مەترسیدارەکان لە نزیک کەمپی مەشق و راهێنانەکەیان لە کارۆلینای باکوور، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی نیگەرانی لەناو ئەندامانی شاندەکەدا.
هەڵبژاردەی سویسراش رووبەڕووی هەمان بارودۆخ بووەوە دوای ئەوەی هۆشدارییان پێدرا سەبارەت بە بوونی "ماری زەنگوڵەدار" لە دەوروبەری یاریگاکانی مەشق و راهێنان لە سان دیێگۆ، ئەمەش وای لە بەرپرسان کرد چاو بە ڕێکارە سەلامەتییەکاندا بخشێننەوە و رێکاری زیادە بۆ پاراستنی یاریزانەکان بگرنە بەر.
ئەم رووداوانە بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی چەندین پرسیار سەبارەت بە لایەنە ڕێکخستنی و ژینگەییەکان لە دەوروبەری بنکەکانی مەشق و راهێنانی هەڵبژاردە نیشتمانییەکان، بەتایبەتی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.




