رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی هایتی ناچاربوو دیزاینی درێسەکەی کە بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالی ئەمساڵ دروستیکردبوو، بگۆڕێت.
فیفا هەڵبژاردەکەی بەگۆڕینی دیزاینی درێسەکەی ناچارکرد، پاشئەوەی پێیوابوو دیزاینەکە، ئاماژەی جەنگی تێدایە.
کۆمپانیای 'سایتا'ی تایبەت بە جلوبەرگی وەرزشی، رایگەیاند بەر لە یاریی یەکەمی هەڵبژاردەی هایتی بەرامبەر سکۆتلاند لە رۆژی شەممە، دیزاینەکەی دەستکاریکردووە و دانەیەکی نوێی دروستکردووە، بۆ ئەوەی یاریزانان بۆ یارییەکان بیپۆشن.
وێڕای گۆڕانکارییەکە، کۆمپانیاکە دەڵی، "دیزاینە رەتکراوەکە لەلایەن فیفاوە، هیچ ئاماژەیەکی سیاسی و سەربازیی تێدا نەبوو، بەڵکو رێزلێنان بوو لە ماندووبوونی ئەو ژن و پیاوانەی رۆژانە کاردەکەن، بۆ بونیادنانی داهاتووی هایتی".
ئەوەی فیفا ناویناوە ئاماژەی جەنگ، وێنەیەکی وەرگیراوە لە جەنگی 'ڤێرتیێر' کە ساڵی 1803 لە نێوان کۆیلە نێوخۆییەکانی هایتی و هێزە کۆڵۆنییەکانی فەرەنسا روویدا و بووە هۆی سەربەخۆبوونی هایتی.
وێنەکە، لەلای راستی بەشی خوارەوەی درێسەکە نەخشێنرابوو.
جەنگی ڤێرتیێر، کە تێیدا هایتییەکان لە دژی هێزی فەرەنسا وەستانەوە لەو کاتەی ناپلیۆن پۆناپارت، ئیمپڕاتۆری فەرەنسا بوو، بووە هۆکاری ئەوەی دوای ساڵێک، وڵاتەکە سەربەخۆیی خۆی بەدەست بهێنێت.
بەرلەوەی فیفا پۆشینی ئەو درێسە لە مۆندیالدا لە هەڵبژاردەکە قەدەخە بکات، یاریزانانی هایتی لە دوو یاریی دۆستانەدا، ئەو درێسەیان پۆشی.
کۆمپانیای دروستکەری درێسەکە دەڵێ، وەک پێزانین و شانازی بۆ خۆگری و رۆحی گەلی هایتی درێسەکەمان دیزاینکردبوو، بەڵام ئێستا وەک وەڵام بۆ داواکارییەکانی فیفا، دیزاینەکەمان گۆڕی.
هەڵبژاردەی هایتی درێسە نوێیەکە لە یەکەم یاریی خۆیدا بەرامبەر سکۆتلاند دەپۆشێت، لە کاتێکدا هەڵبژاردەکە کە لە کۆمەڵەی سێیەمی مۆندیالە، دواتر بەرامبەر هەریەکە لە بەرازیل و مەغریب یارییدەکات.




