رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک زانای دیار، هۆشدارییان داوەتە فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی، لەوەی کە رێوشوێنەکانی سەلامەتیی یاریزانان کە پەیوەندی بەگەرماوە هەیە لە کاتی مۆندیال، بەپێی پێویست نییە و زیانی گەورەیان پێدەگەیەنێت و ژیانیان دەخاتە مەترسییەوە.
پسپۆرانی نێودەوڵەتی لە بوارەکانی، تەندروستی، کەشوهەوا و توانستی وەرزشی، لە پەیامێکی کراوەدا دەڵێن، رێوشوێنەکانی فیفا لەگەڵ زانستی ئێستادا یەکناگرێتەوە و بێ بیانووە.
زاناکان داوایان لە فیفا کردووە، رێوشوێنی پاراستنی بەهێزتر بگرێتە بەر، لەنێویاندا ماوەی ساردکردنەوەی درێژتر، هەروەها پەیڕەوکردنی پڕۆتۆکۆلی دواخستنی دەستپێکردنی یارییەکان، ئەگەر کەوشوهەوا سەخت بوو.
پێشىینیکراوە گەرما کێشەیەکی گەورەی پاڵەوانێتییەکە بێت، چونکە زانایان دەڵێن پلەکانی گەرما لە هەرسێ وڵاتی میوانداریکەری پاڵەوانێتییەکە، لە کۆی 16 یاریگا، لە 14 دانەیاندا لە ئاستی ئاسایی و بەرگەگیراو، بەرزتر بێت.
لە هەندێک ناوچەی باشووری ئەمریکا و باکووری مەکسیک، پلەکانی گەرما دەگەنە بەرزتر لە 30 تاوەکو 35 پلە و دەکرێ لە هەندێک رۆژدا، بگاتە 40 پلە.
ئەو زانایانەی هۆشدارییەکەیان بڵاوکردووەتەوە، داوایانکردووە فیفا ئەم رێوشوێنانە بگرێتە بەر..
- دواخستنی و هەڵوەشاندنەوەی هەندێک یاری، کاتێک پلەی گەرمان دەگاتە بەرزتر لە 30 پلە.
- پشووی ناوەڕاستی گێمەکان درێژبکرێنەوە لە سێ خولەکەوە بۆ شەش خولەک.
- ئاستی ساردکردنەوە لە یاریگاکاندا باشتر بکرێن.
ئیندرۆ سیمز، بەڕێوەبەری پەیمانگای کەشناسی دەڵێ، "هەست بەدڵەڕاوکە دەکەین لەوەی کە فیفا بێباکانە هەڵسوکەوت بکات بەرامبەر سەلامەتیی گیانی یاریزانان".
ئەو دەڵێ هیوادارین فیفا لە مەترسیداریی دۆخەکە و هەستەوەریی دۆخەکە تێبگات و رێوشوێنەکان پەیڕەو بکات.
فیفا رایگەیاندووە کە پابەندە بە پاراستنی سەلامەتیی یاریزانان و هاندەران و هاندەران لە پاڵەوانێتییەکە.




