رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی بەرازیل لەسەر ئامادەکارییەکانی بۆ یارییەکانی مۆندیال بەردەوامە و تیمی پزیشکی هەڵبژاردەکە لەبارەی نەیمارەوە زانیاری نوێ ئاشکرا دەکات.
دوای ئەنجامدانی دوو یاریی دۆستانە بەرامبەر هەردوو هەڵبژاردەی پەنەما و میسر و بەدەستهێنانی سەرکەوتن لە هەردوو یارییەکەدا، تیپەکە خۆی بۆ یارییەکانی مۆندیال ئامادەدەکات و دەیەوێت بەهێزەوە بچێتە نێو رکابەرییەکانی مۆندیال.
لە یاریی بەرامبەر میسر، وێسلی، بەرگریکاری بەرازیل تووشی پێکانبوو و بەو هۆیەوە لە هەڵبژاردەکە دوورخرایەوە، ئێدەرسۆن، یاریزانی ئاتالانتا لە شوێنی ئەو یاریزانە بانگهێشتکرا و دەستی بە مەشق و راهێنان کرد.
لەبارەی نەگەڕانەوەی نەیمارەوە بۆ نێو هەڵبژاردەی بەرازیل، تیمی پزیشکی هەڵبژاردەکە دەڵێت "پرۆسەی چاکبوونەوەی یاریزانەکە بەو شێوەیەی چاوەڕواندەکرێت بەرەوپێشە دەچێت، بەڵام هێشتا نەگەڕاوەتەوە نێو تیپەکە بۆ ئەنجامدانی مەشق و راهێنان".
سیلیساو لە سەنتەری نیویۆرک رێد بوڵز مەشق و ئامادەکارییەکانی بۆ مۆندیال ئەنجامدەدات، یەکەم یاریی لە مۆندیالدا بەرەبەیانی رۆژی 14ـی مانگ بەرامبەر هەڵبژاردەی مەغریب دەبێت، دوای ئەوە بەرەبەیانی رۆژی 20ـی مانگ بەرامبەر هایتی یاریی دەکات و پاشان لە بەرەبەیانی رۆژی 25ـی مانگ رووبەڕووی سکۆتلاند دەبێتەوە.



