رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دوایین یاریی دۆستانەی بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ مۆندیال ئەنجامدەدات و راهێنەری هەڵبژاردەکەش دەڵێت "مێسی یاریی دەکات".
ئەرجەنتین بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە کاژێر 04:00 لە دوایین یاریی دۆستانەیدا بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ مۆندیال، بەرامبەر هەڵبژاردەی ئایسلەندا یاریی دەکات و دوای ئەوە تیپەکە دەچێتە نێو رکابەرییەکانی جامی جیهان.
ئەوەی هەمووان چاوەڕێی دەکەن، دەرکەوتن و گەڕانەوەی مێسییە بۆ نێو یاریگاکان، لەوبارەیەوە لیۆنێل سکالۆنی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دەڵێت "ئەو یاریی دەکات، ئەوەی نایزانم ئەوەیە کە چەند خولەک یاریی دەکات، هێشتا پێویستە لە راهێنانەکاندق قسەی لەگەڵ بکەم و بزانین چەند خولەک یاریی دەکات، بۆ ئەوەی لە هەر مەترسییەک دووربکەوینەوە، بەڵام بەشێوەیەکی سەرەکی، بەڵێ، ئەو چەند خولەکێک یاریی دەکات".
سکالۆنی لەبارەی گرنگی مێسی لە مۆندیالدا گوتی "یەکجار گرنگە، وەکو هەمیشە، نەک تەنیا لە ژووری جلگۆڕیندا، کاتێک لە یاریگادایە، هەموو ئەو شتانەی دەیانگوازێتەوە بۆ هاوتیپەکانی و ئەو کەشوهەوایەی لە دەورووبەری خۆی دروستی دەکات، شتێکی سەرسوڕهێنەرە".
چاوەڕواندەکرێت لە یارییەکەی بەرامبەر ئایسلەندا، ئەرجەنتین بە پێکهاتەیەکی جیاوازەوە دەربکەوێت، بەوپێیەی ئەمە دوایین ئامادەکاریی تیپەکەیە بۆ یارییەکانی مۆندیال.
چەند رۆژێک لەمەوبەر ئەرجەنتین یارییەکی دۆستانەی بەرامبەر هۆندوراس ئەنجامدا و بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێنا.




