رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەکی زۆری دووپشک لە مەکسیکۆ سیتی پایتەختی مەکسیک سەریانهەڵداوە، لە کاتێکدا چەند رۆژێکی کەم ماوە بۆ دەستپێکردنی رکابەرییەکانی مۆندیالی 2026.
میدیای ئەو وڵاتە رایانگەیاندووە، لە چەند رۆژی رابردوودا هەواڵدانی زۆر لەسەر بڵاوبوونەوەی ژمارەی زۆری دووپشک لە شەقام و نێو ماڵەکانی شارەکەدا تۆمارکراون.
مەکسیک، بەهاوبەشیی ئەمریکا و کەنەدا، میوانداریی یارییەکانی مۆندیالی 2026 دەکات. یاریی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکە رۆژی 11ی مانگ، لە نێوان هەردوو هەڵبژاردەی مەکسیک و ئەفریقای باشوور، لە یاریگای ئازتیکای بەناوبانگ دەبێت لە مەکسیکۆی پایتەخت.
رۆژنامەی 'ریکۆرد'ی مەکسیکی گوتوویەتی، بینیی دووپشکەکان لە مەکسیکۆی پایتەخت، بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. روونیکردووەتەوە لافا و دواتر بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، وایکردووە ژمارەی زۆری دووپشکەکان بێنە سەر زەوی و لە شەقام و شوێنە جیاوازەکانی شارەکەدا ببینرێن.
رۆژنامەکە هەروەها دەڵێ، پشپۆران ئاشکرایانکردووە، لافاوی زۆری ساڵ، حەشارگەی دووپشکەکانی لەژێر زەویدا تێکداوە و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و زیادبوونی شێ، کەشێکی لەباری لەسەر زەوی بۆ ئەوان دروستکردووە، بۆ ئەوەی لە شارەکەدا ببینرێن و نەشوێن حەشارگەی نوێی تاریک و وشکدا بگەڕێن.
'ریکۆرد' دەڵی، ناوچەکانی وەک تلالبان، ماگدالینا کۆنترێراس، زۆچیمیلۆک، ئەلڤارۆ ئۆبریگۆن، کویواکان و میلبا ئەلتا، ئەو ناوچانەن کە زۆرترین دووپشکیان تێدا بینراوە.
میدیای مەکسیک گوتوویانە، بەشێک لەو دووپشکانەی بینراون، مەترسیدار و ژەهراوین و لەکاتی پێوەداندا، ئەگەری مردن بەهۆیانەوە، زۆر بەرزە.
مەکسیک جیا لە میوانداریکردنی یاریی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکە، ژمارەیەکی دیکەی یاریی جامە جیهانییەکە لە خۆ دەگرێت و بەشێکیش لە هەڵبژاردەکان، لەسەر خاکی ئەو وڵاتە، کەمپی مەشقی هەڵبژاردەکانیان کردووەتەوە.




