رووداو دیجیتاڵ
یاریی دۆستانەی نێوان هەڵبژاردەی سعودیە و پۆرتۆریکۆ لە شاری ئۆستنی ئەمەریکا بەهۆی هەورەبروسکە و خراپیی کەشوهەوا بۆ ماوەی نزیکەی 2 کاژێر راگیرا، ئەمەش مەترسی بۆ سەر یارییەکانی مۆندیال دروستکردووە.
میدیای ئەمەریکا بڵاویکردەوە دواکەوتنی ئەو یارییە دۆستانەیە نیگەرانییەکی زۆری لای رێکخەرانی پاڵەوانێتییەکە دروستکردووە، چونکە چەند رۆژێک ماوە بۆ دەستپێکردنی مۆندیال.
بەهۆی هەورەبروسکە و بروسکەی بەهێز لە ناوچەکە، ناوبژیوان بڕیاری راگرتنی یارییەکەی نێوان هەڵبژاردەی سعودیە و پۆرتۆریکۆ دا، چونکە مەترسی لەسەر ژیانی یاریزانان و هاندەران هەبوو، یارییەکەش دوای نزیکەی 120 خولەک دەستیپێکردەوە.
شارەزایانی کەشوهەوا هۆشداری دەدەن و پێشبینی دەکەن لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکانی مۆندیالدا، چەندین یاریی دیکە بەهۆی تووندیی باران و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا تووشی دواخستن ببن.
ئەمە لە کاتێکدایە هەڵبژاردە بەشداربووەکان لە دوایین قۆناخی ئامادەکارییەکاندان بۆ چوونە نێو مۆندیال، بڕیارە یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە لە 11ـی مانگی 6ـی 2026 بە فەرمی دەستپێبکەن.




