رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی ئیسپانیا یەکەم یەکەی مەشقی خۆی ئەنجامدا، رۆژێک دوای گەیشتنی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ بەشداریکردن لە رکابەرییەکانی جامی جیهاندا.
هاندەران سەکۆکانی یاریگایان پڕکرد و ئامادەی مەشقە کراوەکانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا بوون کە لە شاری چاتانوگا لە ویلایەتی تێنێسی خۆی بۆ یارییەکانی مۆندیال ئامادەدەکات. پاڵەوانی ئێستای ئەوروپا قوتابخانەی بەیلۆری وەک بنکەی سەرەکیی مەشق و راهێنانەکانی بۆ پاڵەوانێتییەکە هەڵبژاردووە.
هەردوو ئەستێرەی ئیسپانی، لامین یامال لە بارسێلۆنا و نیکۆ ویلیامز لە ئاتلێتیک بیلباو، بە جیا لە یاریزانەکانی دیکە مەشقیان کرد. یامال هێشتا بەتەواوی لە پێکانەکەی چاک نەبووەتەوە و ئامادە نییە. دوای تەواوبوونی یەکەی مەشقەکە، یاریزانەکان واژۆیان بۆ هاندەران کرد و وێنەی یادگارییان لەگەڵ گرتن.
ئیسپانیا یەکەم یاریی خۆی لە کۆمەڵەی هەشتەمدا بەرامبەر کەیپ ڤێردی لە 15ـی حوزەیران لە شاری ئاتڵانتا ئەنجام دەدات. پاشان لە 21ـی حوزەیران هەر لە ئاتڵانتا رووبەڕووی سعودیە دەبێتەوە و لە 26ـی حوزەیرانیش لە شاری گوادالاخارای مەکسیک بەرامبەر ئۆرۆگوای یاری دەکات.
ئیسپانیا لە دوای بەدەستهێنانی تاکە نازناوەکەی لە ساڵی 2010، نەیتوانیوە لە قۆناخی 16ـی جامی جیهانی تێپەڕێت.
لارۆخا چەند رۆژێک لەمەوبەر یارییەکی دۆستانەی بەرامبەر عێراق ئەنجامدا و یەکسانبوو، پێش چوونە نێو رکابەرییەکانی مۆندیال یارییەکی دیکەی دۆستانە بەرامبەر پیرۆ یاریی دەکات.



