رووداو دیجیتاڵ
شاندی هەڵبژاردەی ئێران، ئەمڕۆ بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالدا دەگاتە مەکسیک و ئامادەکارییەکانی بۆ رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکە دەستپێدەکات.
هەڵبژاردەکە ئێوارەی رۆژی شەممە لە تورکیاوە بەرەو مەکسیک بەڕێکەوت و دەچێتە شاری تیخوانای ئەو وڵاتەکە، لەو شوێنە دەمێننەوە و تەنیا لە رۆژی یارییەکەیاندا دەچنە ئەمریکا و دوای یارییەکەش راستەوخۆ دەگەڕێنەوە بۆ تیخوانا.
ئێران دوو هەفتە لە ئەنتالیای تورکیا ئامادەکاریی بۆ مۆندیال دەکرد، هەڵبژاردەکە بۆ بەشدارییەکی باش و بە ئامانجی بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش چووەتە مەکسیک و ئەمڕۆ دوای گەشتێکی دوور و درێژ دەگاتە ئەو وڵاتە.
سەرەتا مشتومڕی زۆر لەبارەی بەشداریکردن و نەکردنی ئێران لە مۆندیالدا هەبوو، تاوەکو وایلێهات شوێنی مانەوەی هەڵبژاردەکە لە ئەمریکاوە گواسترایەوە بۆ مەکسیک.
ئەبوڵفەزل پەسەندیدە، باڵیۆزی ئێران لە مەکسیک رایگەیاند کە تەنیا بەیانیانی رۆژی یارییەکانیان رێگە بە هەڵبژاردەی ئێران دەدرێت بچنە ناو خاکی ئەمریکا، بە مەرجێک راستەوخۆ دوای کۆتایی هاتنی یارییەکە خاکەکە جێبهێڵن.
پەسەندیدە گوتی: "شاندە ئێرانییەکە دەتوانن بەیانیان بچنە ژوورەوە و دەبێت لە هەمان رۆژدا بگەڕێنەوە"، ئەمەش رێکارێکی ناوازەیە و لە سایەی گرژییە سیاسییە بەردەوامەکانی نێوان تاران و واشنتۆن گیراوەتە بەر.
هەرچەندە یاریزانان و ئەندامانی دەستەی تەکنیکی چەند کاتژمێرێک پێش گەشتەکەیان ڤیزای ئەمریکایان وەرگرتبوو، بەڵام قەیرانەکە لێرەدا کۆتایی نەهات.
باڵیۆزخانەی ئێران لە تورکیا جەختی لەوە کردەوە کە داواکاری ڤیزای ژمارەیەکی زۆر لە کارگێڕان، بەڕێوەبەران و ئەندامانی شاندی هەڵبژاردەکە ەتکراوەتەوە، ئەمەش وەک "مامەڵەیەکی جیاکاری" بەرامبەر بە هەڵبژاردەی ئێران وەسف کرا.
باڵیۆزخانەکە رایگەیاند کە ئەمریکا ئەوەی ناوی برد بە "مامەڵەی مەبەستدار" دژی هەڵبژاردەی نیشتمانی چڕتر کردووەتەوە و داوای لە فیفا کرد کە لێپرسینەوە لەگەڵ وڵاتی خانەخوێ بکات بەهۆی پێشێلکردنی بنەماکانی "نەبوونی جیاکاری" کە لە یاساکانی فیفادا هاتووە.
لای خۆیەوە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران بڕیارەکەی ئەمریکای بە "دەستێوەردانی سیاسی لە وەرزشدا بە خراپترین شێوە" وەسف کرد و پێی وابوو حکومەتی ئەمریکا هەڵبژاردەکەی لە مافی بەشداریکردن لە کەشێکی یەکسان بێبەش کردووە و جەختیشی کردەوە کە بەردەوام دەبێت لە بەدواداچوونی کەیسەکە لەگەڵ فیفا.
نزیکەی 15 کەس لە ئەندامانی تیمی کارگێڕی و رێکخەری لە لیستی ڤیزا وەرگرتن بەدەر کراون و هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆسیەیە دوای گەیشتنی شاندەکە بۆ مەکسیک بەردەوام دەبن.




