رووداو دیجیتاڵ
هەردوو ئەفسانە لیۆنێل مێسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆ خۆیان ئامادە دەکەن بۆ تۆمارکردنی ئامادەبوونێکی مێژوویی بێپێشینە لە کۆتایییەکانی مۆندیالی 2026، ئەمەش بە بەشداریکردنیان بۆ شەشەمین جار، کە دەستکەوتێکە هیچ یاریزانێکی دیکە لە مێژووی یارییەکەدا پێی نەگەیشتووە.
لەگەڵ ئەوەشدا، چیدی ئەم دوو ئەستێرەیە وەک رابردوو باڵادەست نین بەسەر دیمەنە هونەرییەکەدا، ئەمەش راستییەکە، کە بەڕوونی لە بەها بازاڕییەکەی ئێستایاندا رەنگدەداتەوە؛ چونکە ئاڵای پێشەنگی بەفەرمی بۆ نەوەیەکی نوێ گوستراوەتەوە کە سێ لایەنە سەرەکییەکەی کیلیان ئێمباپێ، لامین یامال و ئێرلینگ هالاند سەرکردایەتی دەکەن.
بەگوێرەی شیکارییەکانی ماڵپەڕی ترانسفێر مارکێتی پسپۆڕ، سێ یاریزان لە نێوان 1248 بەشداربووی مۆندیالی 2026 لە سەرووی هەمووانەوەن؛ ئێمباپێ و یامال و هالاند بەهاوبەشی لە پلەی یەکەمدان وەک گرانترین یاریزانانی پاڵەوانێتییەکە بە بەهایەکی بازاڕی کە بە 200 ملیۆن یۆرۆ (نزیکەی 231 ملیۆن دۆلار) دەخەمڵێنرێت.
سەرکەوتنی لامین یامالی لاوی ئیسپانی لە نێوان ئەم سێیانەدا سەرنجڕاکێشترینە؛ تەنیا لە تەمەنی 18 ساڵیدا، توانی جێگەی خۆی لە نێوان نوخبەی تۆپی پێی جیهاندا بکاتەوە دوای بازدانێکی موشەکی لە کاروانی وەرزشییدا، کە تێیدا بۆ دوو وەرزی لەسەریەک لەگەڵ بارسێلۆنا درەوشایەوە و سەرکردایەتی وڵاتەکەی کرد بۆ بەدەستهێنانی نازناوی یۆرۆی 2024. ئەم سەرکەوتنانە نەک هەر بەها بازاڕییەکەیان بەرزکردەوە، بەڵکو وایلێکرد لە دەنگدانی خەڵاتی باڵۆندۆری2025 پلەی دووەم بەدەستبهێنێت.
سەبارەت بە کیلیان ئێمباپێ، ئەو خاوەن دۆخێکی ناوازەیە؛ چونکە یەکێکە لە گرانترین یاریزانانی جیهان سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی 2024 بە گرێبەستێکی بێبەرامبەر پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە کرد. دوای رۆیشتنی لە پاریس سانجێرمان، توانی گرێبەستێکی گەورە لەگەڵ یانە شاهانەکە واژۆ بکات کە تاوەکو 30ـی حوزەیرانی 2029 بەردەوام دەبێت، تا پێگەی خۆی لە لووتکەی هەرەمی بازاڕکردن و هونەری جیهانیدا بپارێزێت.
سێگۆشەی پێشەنگ بە ئێرلینگ هالاندی نەرویجی تەواو دەبێت، کە لەوانەیە بەها بازاڕییەکەی زووتر لە دوو هاوڕێکەی بکەوێتە ژێر تاقیکردنەوەی واقیعەوە؛ سەرەڕای ئەوەی گرێبەستێکی درێژخایەنی لەگەڵ مانچێستەر سیتی هەیە، کە تاوەکو ساڵی 2034 درێژ دەبێتەوە، بەڵام هێشتا ناوی ئەم یاریزانە بەتووندی بە ریال مەدریدەوە دەبەسترێتەوە.
لەو بارەیەوە، ئینریکێ ریکێلمی، کاندیدی سەرۆکایەتی ریال مەدرید، دوودڵ نەبووە لەوەی هالاند وەک گرێبەستی سەرەکیی داهاتوو دەستنیشان بکات ئەگەر بگاتە دەسەڵات لە یانە شاهانەکەدا.
بێ گوێدانە ئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردەکانی ئەرجەنتین و پۆرتوگال لە مۆندیالی 2026 چی دەبێت، کە وەک دوو کاندیدی سەرەکی بۆ نازناوەکە دێنە ناو کێبڕکێیەکە، بەڵام ئەوە روونە کە هەردوو ئەستێرەکەیان چیدی ئەو هێزە باڵادەستە نین کە پێشتر بوون.
لە هاوینی ئەمساڵدا، کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەبێتە یەکێک لە پێنج بەتەمەنترین یاریزانەکانی مێژووی مۆندیال کە بەشدارییان کردبێت، بە تەمەنی 41 ساڵ و چوار مانگ. لە بەرامبەردا لیۆنێل مێسی لە 24ـی حوزەیراندا یادی 39 ساڵەی لەدایکبوونی دەکاتەوە، هاوکات لەگەڵ یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە.
فاکتەری کات کاریگەری حەتمی لەسەر ئاستی هونەرییان هەبووە، بەڵام کاریگەرییەکە لەسەر بەها بازاڕییەکەیان زۆر توندتر بووە. بەگوێرەی داتاکانی ترانسفێر مارکت، مێسی بۆ پلەی 363 لە لیستی گرانترین یاریزانانی مۆندیالی 2026 دابەزیوە بە بەهایەکی خەمڵێنراو کە 17.3 ملیۆن دۆلارە، لەکاتێکدا کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ پلەی 386 دابەزیوە بە بەهای 13.87 ملیۆن دۆلار، ئەمەش ئاماژەیەکی روونە بۆ داخستنی لاپەڕەیەک و دەستپێکردنی لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی یارییەکەدا.
لیستی گرانترین یاریزانان لەڕووی بەهای بازاڕییەوە لە مۆندیالی 2026:-
1 - کیلیان مباپێ (فەرەنسا): 231 ملیۆن دۆلار.
2 - ئێرلینگ هالاند (نەرویج): 231 ملیۆن دۆلار.
3 - لامین یامال (ئیسپانیا): 231 ملیۆن دۆلار.
4 - مایکڵ ئۆلیسێ (فەرەنسا): 173 ملیۆن دۆلار.
5 - ڤینیسیۆس جۆنیۆر (بەرازیل): 173 ملیۆن دۆلار.
6 - پێدری (ئیسپانیا): 173 ملیۆن دۆلار.
7 - جود بێلینگهام (ئینگلتەرا): 161 ملیۆن دۆلار.
8 - جواو نێڤێز (پۆرتوگال): 161 ملیۆن دۆلار.
9 - ڤیتینیا (پورتوگال): 161 ملیۆن دۆلار.
10 - دیکلان رایس (ئینگلتەرا): 138 ملیۆن دۆلار.
11 - فێدێریکۆ ڤاڵڤێردی (ئۆرۆگوای): 138 ملیۆن دۆلار.
12 - دێزیرێ دۆوێ (فەرەنسا): 138 ملیۆن دۆلار.
13 - بۆکایۆ ساکا (ئینگلتەرا): 138 ملیۆن دۆلار.




