رووداو دیجیتاڵ
لە هەنگاوێکدا کە بە بوێرانەترین ناودەبرێت، لەبواری تۆپی پێدا، بۆ گەشەپێدانی داهاتووی ئەو یارییە، ئەنجوومەنی فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی 'ئیفاب' لە کۆبوونەوەی ساڵانەی خۆیدا لە مانگی سێی ئەمساڵ، زنجیرەیەک گۆڕانکاریی لە یاساکانی تۆپی پێدا پەسندکرد کە بەریشەیی دادەنرێن بۆ خێراترکردنی ریتمی یارییەکانی تۆپی پێ.
یاسا نوێیەکانی فیفا، لە مۆندیالی ئەمساڵدا بەتەواوی جێبەجێدەکرێن کە بڕیارە رۆژی 11ی ئەم مانگە لە ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا دەستپێبکات.
پیێر لویجی کۆڵینا، سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانانی فیفا رایگەیاندووە "ئامانج لە گۆڕانکارییەکان نەهێشتنی جیاکاری، سنووردارکردنی بەفیڕۆدانی کات و پتەوکردنی ریتمی خێرایی یارییەکان و باشترکردنی توانای یاریزانان و هاندەران".
گرنگترین ئەو گۆڕانکارییانەی لە مۆندیالی داهاتوودا جێبەجێ دەکرێن، ئەمانەن..
یاسای ڤینیسیۆس
هەر یاریزانێک لە کاتی یارییەکاندا، دەمی بە دەستی یان قۆڵی یان درێسەکەی بشارێتەوە، لە کاتی ململانێ لەگەڵ یاریزانانی تیپی بەرامبەر، بەکارتی سوور دەردەکرێت.
ئەو یاسا نوێیە دوای رووداوی دەم شاردنەوەی جیانلوکا برێستیانی یاریزانی بێنفیکا سەریهەڵدا، کاتێک قسەی رەگەزپەرستانەی بەرامبەر ڤینیسیۆس جۆنیۆری یاریزانی ریال مەدرید بەکارهێنا.
لە دوای ئەو رووداوە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا 'یوفا'، برێستیانی بەراگرتن بۆ شەش یاریی سزادا.
ئەو یاسا نوێیە، بەسەر ئەو یاریزانانەدا جێبەجێ نابێت کە لە کاتی قسەکردنی ئاساییدا لەگەڵ یاریزانانی هاوتیپی خۆیان، یان یاریزانانی تیپی بەرامبەردا قسەی ئاسایی دەکەن.
چوونە دەرەوە لە یاریگا
هەر یاریزانێک وەک ناڕەزایەتی بەرامبەر ناوبژیوان، یاریگا بەجێبهێڵێت، کارتی سووری پێدەدرێت. ئەو یاسایە هەموو بەرپرسێکی هەڵبژاردەکەش دەگرێتەوە، ئەگەر هانی یاریزانانی تیپەکەی بدات، وەک ناڕەزایەتی بەرامبەر بڕیاری ناوبژیوان، لە یاریگا بچنە دەرەوە.
ئەو تیپانەی بەهۆی ئەو هەڵسوکەوتەوە دەبنە هۆی راگرتنی یاری، بەدۆڕاو دادەنرێت.
یاسا نوێیەکە پاش رووداوەکانی یاریی کۆتایی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا هاتە ئاراوە، کاتێک یاریزانانی سەنیگال، بەرامبەر بەبڕیاری بژاردنی لێدانی سزا بۆ مەغریب وەک ناڕەزایی، چوونە دەرەوەی یاریگا، بەرلەوەی جارێکی دیکە بگەڕێنەوە.
10 چرکە بۆ گۆڕانکاری
یاسایەکی نوێ کاری پێدەکرێت کە بنەمای 10 چرکە ناودەبرێت. یاساکە بۆ نەهێشتنی دیاردەی خاوەخاوی یاریزانانە لە کاتی گۆڕانکاریی پێکردنیان.
دەقی یاساکە دەڵێ، ئەو یاریزانەی گۆڕانکاریی پێدەکرێت، پێویستە لەماوەی تەنیا 10 چرکەدا، یاریگا بەجێبهڵێت، ئەگەر ئەو بڕیارەی جێبەجێ نەکرد، یاریزانی دانیشێنراو دەچێتە دەرەوە، بەڵام یاریزانی هاتووە ژوورەوە، دوای تەنیا یەک خولەک لە یارییکردن، رێگەی پێدەدرێت بچێتە نێو یاریگاوە، بەوەش تیپەکەی لەو ماوەیەدا بەیاریزانێک کەمترەوە، یارییدەکات.
یاسای 5 چرکە
هۆشداریی تووند بۆ گۆڵپارێزان و جێبەجێکارانی ئاوت.
ئەم یاسایە کاردەکات بۆ پێدانی هۆشداریی تووند بەگۆڵپارێزان و جێبەجێکارانی ئاوت. لەمەودوا دواخستنی جێبەجێکردنی تۆپە جێگیرەکان رێگەپێدراو نییە، ئەنجوومەنەکە پێنج چرکەی دەستنیشانکردووە بۆ جێبەجێکردنی هەڵدانی لا.
سزای دواخستن بۆ پێنج چرکە زیاتر، بریتییە لەوەی کە هەڵدانە لایەکە لە تیپی جێبەجێکار وەردەگیرێتەوە و دەدرێتە تیپی بەرامبەر.
لە کاتێکدا گۆڵپارێز یان یاریزان، جێبەجێکردنی لێدانی لە گۆڵەوە دواخست، دەبێتە کۆڕنەر بۆ تیپی بەرامبەر.
چارەسەر لە دەرەوەی یاریگا
ئەگەر دەستەی پزیشکی بۆ چارەسەری یاریزان هاتە نێو یاریگاوە، دەبێ یاریزانەکە ببرێتە دەرەوە بۆ ماوەی خولەکێک لە دوای دەستپێکردنەوەی یاری. بەڵام هەندێک بواردە لە دۆخەکەدا هەیە، لەوانەش..
پێکرانی گۆڵپارێزان و بەرکەوتنی نێوان گۆڵپارێز و یاریزانان کە پێویستی بەچارەسەر هەیە. هەروەها پێکانە مەترسیدارەکانی سەر یان شلەقانی مێشک.
پشووی ئاوخواردنەوە
لە هەر گێمێکی یارییەکاندا، ماوەی سێ خولەک بۆ پشووی شلەمەنی خواردنەوە دەبێت، لە نزیکەی خولەکی 22ی هەر گێمێکدا. خۆ ئەگەر یاریزانێک لە خولەکی 20دا پێویستی بەچارەسەر هەبوو، دەکرێ ناوبژیوان ئەوکات، پشووە سێ خولەکییەکە پێشبخات.
پێکانی گۆڵپارێزان
ئەگەر پێکانی گۆڵپارێز گەیشتە ئەوەی بۆ چارەسەر وەرگرتن ناچاربێت یاریگا بەجێبهێڵێت، یاریزانانی دیکە رێگەیان پێنادرێت بچنە سەر هێڵی یاریگا و کاتەکە بقۆزنەوە.
دەسەڵاتەکانی ڤار
یاسای ڤار گۆڕانکاریی زۆری بەخۆوە بینیوە، کە رێگە بەسیستمەکە دەدات دەستوەردانی فراوانتر لە بڕیارەکاندا بکات.
هەڵوەشاندنەوەی کارتی سوور، بەهۆی کارتی زەردی دووەمەوە. هەروەها ڤار دەتوانێت هەڵەی ناوبژیوان لەکاتی بەهەڵە پێدانی کارت بکات.
پێداچوونەوەی کۆڕنەرە بەهەڵە ئەژمارکراوەکان.
کامێرای ناوبژیوانان
لە هەنگاوێکی فیفادا بۆ فراوانکردنی روونیی لە بڕیارەکانی ناوبژیوانان.. بڕیاردراوە بەوەی کە ناوبژیوان کامێرا لەسەر سنگ و سەریان ببەستن بۆ تۆمارکردنی حاڵەتەکان.
سیستی 'ساوت'ی ئۆفسایدی نیمچە ئۆتۆماتیکی کاری پێدەکرێت و پەرەی پێدەدرێت، بۆ کەمکردنەوەی کات لە کاتی بڕیارەکاندا.
تەواوی ئەو یاسایانەی فیفا بڕیاری لێداون، لە یاریی دۆستانەی ئەمشەوی نێوان ئیسپانیا و عێراق جێبەجێدەکرێن.




