رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی بەرازیل بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالدا، بەرەو ئەمریکا بەڕێکەوت، کارلۆ ئەنچێلۆتی و یاریزانەکانی ماڵئاواییان لە هاندەرانی هەڵبژاردەکە کرد.
یاریزانانی هەڵبژاردەی بەرازیل لە بارەگای فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکە هاتنە دەرەوە، سەرجەم یاریزانەکان قاتێکی رەسیاسیان پۆشیووە، نەیمار داسیلڤا بە چاویلکەیەکی رەشەوە دەرکەوت و واژۆی بۆ هاندەران کرد.
یاریزانانی سامبا پێش ئەوەی بەرەو ئەمریکا بەڕێبکەون، چوونە مۆزەخانەی هەڵبژاردەکە، لە نزیکەوە پەیکەری پێلێ و پێنج جامی مۆندیالیان بینی، بۆ ئەوەی ورەیان بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی شەشەم نازناو زیاتر بەرزببێتەوە.
دوای ئەوە یاریزانان و شاندی هەڵبژاردەکە وێنەی یادگاریان گرت و بەرەو ئەمریکا بەڕێکەوتن.
هەڵبژاردەی بەرازیل لە ئەمریکا لە ویلایەتی نیوجێرسی دەبێت، لەوێ ئامادەکارییەکانی درێژە پێدەدات و یارییەکی دۆستانە پێش بەڕێوەچوونی مۆندیال، بەرامبەر هەڵبژاردەی میسر ئەنجامدەدات.
سیلیساو چەند رۆژێک لەمەوبەر یارییەکی دۆستانەی بەرامبەر پەنەما ئەنجامدا و بە شەش گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ لەو هەڵبژاردەیەی بردەوە.
بەرازیل لە مۆندیالدا لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی سێیەم یاریی دەکات، یەکەم یاریی هەڵبژاردەکە بەرامبەر مەغریب دەبێت، پاشان بەرامبەر هایتی یاریی دەکات و دوایین یاریی هەڵبژاردەکەش لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا بەرامبەر سکۆتلاندە.
