رووداو دیجیتال
بەپێی رێککەوتنێکی هاوبەش، یەکێتیی شەترەنجی ئیمارات سوود لە ئەزموونی خوێندنی یاریی شەترەنج لە قوتابخانەکانی کوردستان وەردەگرێت.
بەر لە ساڵێک رێککەوتنێک لەنێوان یانەی شەترەنجی خانزاد و یەکێتیی شەترەنجی ئیمارات واژۆکرا، بۆ ئەوەی هەردوو لا یاریزانانیان لە پاڵەوانێتییەکانی کوردستان و ئیمارات بەشداریی بکەن و سوود لە توانا و ئەزموونی پڕۆگرامی خوێندنی یاریی شەترەنجی کوردستان لە قوتابخانەکانی ئیمارات وەربگیرێت.
لە چەند رۆژی رابردوودا شاندێکی یانەی خانزاد سەردانی شاری ئەبوزەبیان کرد، لەوێ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای یانەی ئەبوزەبی و شاریقە کۆبوونەوە، پەیوەندییەکان نوێکرانەوە، کتێبی پڕۆگرامی خوێندنی یاریی شەترەنج بە زمانی عەرەبی و کوردی گەیێندرایە ئیمارات.
ئێستا هاوشێوەی کوردستان لە شاریقە بڕیارە یاریی شەترەنج بخوێندرێت، دواتر لە ساڵانی داهاتوو لە سەرجەم میرنشینەکانی دیکەی ئەو وڵاتە وانەکە دەچێتە پڕۆگرامی خوێندن.
دڵزار حەمەساڵح، سەرۆکی یانەی خانزاد بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "لەگەڵ برایانمان ئیمارات لە هەواهەنگییەکی بەهێزداین، بەفەرمی چووینە شاری ئەبوزەبی لە پاڵەوانێتییەکی نێودەوڵەتی ئامادەبووین کە 2000 یاریزانی حەفتا وڵات بەشداربوون، ئەوەی جێگای دڵخۆشییە لە چەند مانگی داهاتوودا ئیدی یاریزانەکانمان دەتوانن بەشداریی پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکانی وڵاتی ئیمارات بکەن".
بڕیارە پاڵەوانێتییەکی شەترەنجی ئۆنلاین لەنێوان قوتابیانی کوردستان و قوتابیانی ئیمارات ساز بکرێت، 10 باشترین یاریزانی کوردستان داوەتی ئیمارات دەکرێن بۆ ئەوەی لەوێ بەشداریی پاڵەوانێتییەک بکەن و یاریی لەگەڵ قوتابیانی شاری شاریقە بکەن.
دڵزار حەمەساڵح، سەرۆکی یانەی خانزاد بەربژێرێکی بەهێزە بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆکایەتی لیژنەی خوێندنی یاریی شەترەنج لە وڵاتانی عەرەب وەربگرێت.



