رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید جارێکی دیکە بارسێلۆنا بێهیوا کرد و دووپاتیکردەوە کە بەهیچ شێوەیەک دانوستاندن لەسەر جولیان ئەلڤارێز لەگەڵ بارسێلۆنا ناکات و رایگەیاند کە بارسێلۆنا بەشێوەیەکی نائەخلاقی و ناپیشەیی دانوستاندنی لەگەڵ یاریزانەکە کردووە، بۆیە رێگە نادەین یاریزانەکە بچێتە بارسێلۆنا.
جولیان ئەلڤارێز بەئاشکرا بە یانەکەی راگەیاندووە کە دەیەوێت لە یانەکە بڕوات، بارسێلۆناش خوازیاری ئەو یاریزانەیە و هێشتا هیوای بەو ماوە ئەلڤارێز بگوازێتەوە، بەڵام یانەی مەدریدی سوورە لەسەر ئەوەی ئەو یاریزانەی بە هەر یانەیەک بفرۆشێت تەنیا بارسا نەبێت.
یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید بڵاوکراوەیەکی دیکەی فەرمی لەسەر جولیان ئەلڤارێز بڵاوکردەوە و جارێکی دیکە یانە کەتەلۆنییەکەی بێهیوا کرد لە هەوڵەکانیدا بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئەلڤارێز.
دەقی بڵاوکراوەکە بەمشێویە:
دانوستاندن لەسەر گواستنەوەی جولیان ئەلڤارێز بۆ یانەی بارسێلۆنا ناکەین.
ئاتلێتیکۆ مەدرید ئامادەیی خۆی بۆ هەر دانوستاندنێک دەردەبڕێت کە لە چوارچێوەی بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا بێت، بەمەرجێک هەمیشە بەشێوەیەکی ئەخلاقی و پیشەیی بێت و رێزی دوولایەنە لە نێوان یانەکاندا هەبێت.
ئێمە بەتەواوی پشتگیری لەو هەڵوێستە دەکەین کە پێشتر یانەکە رایگەیاندبوو، کە یانەی بارسێلۆنا ئەم مەرجانەی تێدا نەبووە، بۆیە هیچ دانوستاندنێک ئەنجام نەدراوە و لە داهاتووشدا هیچ دانوستاندنێکیان لەگەڵدا ناکرێت سەبارەت بە گواستنەوەی جولیان ئەلڤارێز.



