مێسی دەگەڕێتەوە بارسێلۆنا

31-10-2023
ئاسوودە پێشەوا
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی باڵۆن دۆر بارسێلۆنا هەڵبژاردەی ئەرجەنتین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لیۆنێل مێسی توانی درێژە بە ریکۆردە مێژووییەکەی بدات و بۆ جاری هەشتەم لە کاروانی وەرزشیدا خەڵاتی باڵۆن دۆر بباتەوە.
 
شەوی دووشەممە، لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی توانی بۆ جاری هەشتەم خەڵاتی باڵۆن دۆر بۆ باشترین یاریزانی پیاو بباتەوە، دوای ئەوەی بەرامبەر ئێرلینگ هالاندی رکابەری سەرکەوت.
 
دوای بەدەستهێنانی خەڵاتەکە مێسی رایگەیاند کە بردنەوەی باڵۆن دۆری 2021 و 2023 بۆ ئەو تایبەتن، چونکە بەهۆی هەڵبژاردەی ئەرجەنتینەوە بەدەستی هێناوە و لە لێدوانەکەیدا دەڵێت:دوایین دوو خەڵاتی باڵۆن دۆرم تایبەتن، چونکە بەهۆی هەڵبژاردەکەمەوە بەدەستمهێناون، کۆپا ئەمریکای 2021 و جامی جیهانی 2022، ئەو دوو نازناوەن کە بە درێژایی ژیانی وەزشیم هەوڵم بۆ داون و لە کۆتاییدا هەموو شت گۆڕا، ئەم باڵۆن دۆرەیان زۆر تایبەتترە، چونکە بەهۆی بردنەوەی جامی جیهانی وەریدەگرم.
  
دوای سوپاس کردن و ستایشکردنی هەڵبژاردەکەی، مێسی ئەو یانەیەی لەبیر نەکرد کە کاتێك منداڵ بوو گرتیانە خۆیان و یارمەتییان دا لەوەی ببێت بە یەکێك لە باشترین یاریزانەکانی مێژووی تۆپی پێ. لیۆ لەبەشێك لە قسەکانیدا سەبارەت بە بارسێلۆنا دەڵێت: بارسێلۆنا باشترین یانەیە لە جیهاندا، چونکە ئەم یانەیە تایبەتە و جیاوازە لە هەموو یانەکانی دیکە، بەهۆی ئەوەی چەندین ساڵم لەوێ بەسەر برد و زۆر هاوتیپی باشم هەبوو، توانیم زۆر خەڵاتی تاکەکەسی بەدەستبێنم.
 
دواتر مێسی جارێکی دیکە هیوای گەڕانەوەی بۆ بارسا بە هاندەرانی یانەکە بەخشییەوە و گوتی: بە دڵنیاییەوە دەتوانم بگەڕێمەوە بۆ بارسێلۆنا و دەکرێت رووبدات.ئەوە ئەو یانەیەیە کە تێیدا گەورە بووم، هەموو شتێکی پێدام و هەموو شتێکم پێدا و خۆشم دەوێت. دەتوانم رۆژێک هاوکاریان بکەم و هەوڵ بدەم باشترین بۆ یانەکە پێشکەش بکەم وەك هەمیشە کردوومە. بەڵام ئەوە شتێک نییە کە ئێستا بیری لێ بکەمەوە. نازانم کە چەند کاتم ماوە لە یاریکردن، بەڵام دەمەوێت چێژی لێ وەربگرم و بەردەوام بم.
 
لە کۆتایی قسەکانیدا مێسی بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هێرشی کردە سەر بەرپرسانی بارسا بەهۆی ئەوەی یانەکە مەراسیمێکی شایستەیان رێك نەخستووە کە تێیدا مێسی بتوانێت ماڵئاوایی لە یانەکە بکات و گوتی: من شایەنی ئەوەم دەرفەتێکم پێ بدرێت تاکو بتوانم ماڵئاوایی لەو کەسانە بکەم کە لە کاروانی وەرزشیمدا لە خۆشی و ناخۆشیدا هاوبەشم بوون. بارسێلۆنا ماڵی منە، من یانەکەم و خەڵکی شارەکەم خۆشدەوێت، ئەگەر هەلێکم بۆ برەخسێ بۆ ماڵئاوایی کردن لە بارسا، بە خۆشحاڵیەوە قبوڵی دەکەم.
 
ئەمە جاری هەشتەمە مێسی باڵۆن دۆر دەباتەوە و لە مێژوودا هیچ یاریزانێك نەیتوانیوە بەم ژمارەیە بگات. بە وتەی خۆی ئەمە دوایین و تایبەتترین باڵۆن دۆرە کە بیباتەوە بەهۆی ئەوەی بردنەوەی جامی جیهانی لەگەڵ ئەرجەنتین هۆکار بووە بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتەکە. 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە