پاکسازییەکانی پۆچەتینۆ لە چێڵسی بەدەرکردنی 10 یاریزان دەستپێدەکات

31-05-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن چێڵسی ماوریسیۆ پۆچەتینۆ، ریال مەدرید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە رۆژنامەڤانییە ئینگلیزییەکان ئاشکرایانکردووە پاکسازییەکانی ماوریسیۆ پۆچەتینۆ لە یانەی چێڵسی دەستپێدەکەن و لە هەنگاوی یەکەمدا، ئەو راهێنەرە دەستبەرداری 10 یاریزان دەبێت.
 
پۆچەتینۆ بەر لە دوو رۆژ بەفەرمی بەراهێنەری نوێی یانەی چێڵسی دەستنیشانکرا، پاشئەوەی یانەکە وەرزێکی خراپ و پڕ لە شکستی هەبوو و بەزەحمەت توانی لە پرێمەرلیگدا بمێنێتەوە.
 
بەپێی هەواڵی میدیاکانی ئینگلتەرا، پۆچەتینۆ بڕیاریداوە یەکەم کاری بۆ باشترکردنی دۆخی تیپەکە، دوورخستنەوەی ئەو یاریزانانە بێت کە پێیوایە ناتوانن خزمەت بە پلانەکانی بکەن.
 
لە یەکەم هەنگاوی ئەو پاکسازییەدا کە پۆچەتینۆ گرتیە بەر، بڕیاردانبوو لە گێڕانەوەی جواو فیلێکسی پۆرتوگالی بۆ یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی، پاشئەوەی بۆ ماوەی نیو وەرز لە یانە لەندەنییەکە بوو بە شێوەی خواستن.
 
چێڵسی پێشینەی کارەکانی خۆی لەگەڵ راهێنەرە نوێیەکەی، بەکەمکردنەوەی ژمارەی یاریزانەکانی تیپەکە داناوە کە ژمارەیان گەیشتووەتە 30 یاریزان.
 
میدیای ئینگلتەرا دەڵێن، چێڵسی لانیکەم، دە یاریزان لە پێکهاتەکەی بەڕێدەکات، ئەمەش بۆ هاوکاریکردنی پۆچەتینۆ لەپێناو پوختکردنەوەی ئەو یاریزانانەی لەبەردەستیدا دەبن بۆ وەرزی داهاتوو.
 
پۆچەتینۆ هەفتەی داهاتوو دەگاتە لەندەن و گرێبەستەکەی بۆ ماوەی دوو ساڵ دەبێت لەگەڵ بلووز.
 
بەپێی میدیاکان، پێشبینیکراوە چێڵسی دەستبەرداری هەریەکە لە پیێر ئۆبامیانگ، حەکیم زەیاش، کریستیان پۆلیسیچ، ئێدوارد مێندی، کالۆم هۆدسۆن ئۆدۆی ببێت و پۆچەتینۆ رازییە لەسەر دوورخستنەوەی ئەو یاریزانانە.
 
جیا لەو یاریزانانەی کە چارەنووسیان یەکلاکراوەتەوە، راهێنەری نوێی تیپەکە، بڕیار لە یاریزانانی دیکەی وەک کالیدۆ کۆلیبالی، سیزار ئازپیلیکوێتا و نگۆلۆ کانتێ دەدات.
 
پێشبینیکراوە هەروەها دینیس زەکەریاش، هاوشێوەی فیلێکس بگەڕێتەوە بۆ یانەکەی خۆی کە یوڤێنتوسی ئیتاڵییە، پاشئەوەی ساڵێک لەگەڵ بلووز یارییکرد.
 
لیستی یاریزانە بەڕێکراوەکانی چێڵسی چەندین یاریزانی دیکەی وەک ماتیۆ کۆڤازیچ، کۆنۆر گالاگێر، تریفۆ چالوبا و رۆبن لۆفتۆس چیک دەگرێتەوە کە تاوەکو ئێستا مانەوە یان رۆیشتنیان لە یانەکە یەکلانەبووەتەوە.
 
یانەی چێڵسی هەروەها 20 یاریزانی هەیە کە بەشێوەی خواستن لە یانەکانی دیکە یارییدەکەن و کارگێڕیی یانەکە دەیەوێت دەستبەرداری زۆرینەی ئەو یاریزانانە ببێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە