پرێمەرلیگ گۆڕانکارییەکی مێژوویی بەخۆیەوە دەبینێت

31-01-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
یاسایەکی نوێ بۆ پرێمەرلیگ زیاددەکرێت، کە گۆڕانکارییەکی گەورە لە خولەکەدا درووستدەکات و پێشبینی دەکرێت لە داهاتوودا بۆ خولە بەهێزەکانی دیکەی ئەوروپاش زیادبکرێت. 
 
لە بەشێکی بەرچاوی یارییەکانی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگدا، بڕیارەکانی ناوبژیوان بوونەتە جێی مشتومڕ و ناڕەزایەتی هاندەرانی لێکەوتووەتەوە، یەکێک لەو رووداوانەش لە گەڕی حەوتەمی خولەکەدا بوو کاتێک لە یاریی نێوان تۆتێنهام و لیڤەرپوول، گۆڵێکی لویس دیازی هێرشبەری لیڤەرپوول بەبیانووی ئۆفساید رەتکرایەوە، کە ئەو بڕیارە ناڕەزایەتییەکی زۆری لێکەوتەوە و دواتر دەستەی ناوبژیوانانی خولی ئینگلیزی دانیان بەوە دانا کە ئەو بڕیارە هەڵەبووە و داوای لێبوردنیان کرد. 
 
لەپێناو کەمکردنەوەی ناڕەزایەتی بەرامبەر بڕیارەکانی ناوبژیوان و دابینکردنی بەرچاوڕوونییەکی زیاتر بۆ هاندەران، بەپێی رۆژنامەی دەیڵی مەیڵی بەریتانی، دەستەی یەکێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی گڵۆپی سەوز بۆ پرێمەرلیگ هەڵدەکات بۆ ئەوەی ناوبژیوانانی ئەو خولە بتوانن بڕیارەکانی ڤار بۆ هاندەران روونبکەنەوە، پێشبینی دەکرێت پێش مانگی ئادار بڕیارەکە قبوڵ بکرێت و لە وەرزی داهاتووەوە یاساکە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
 
ساڵی رابردوو بە مەبەستی تاقیکردنەوە، ئەو یاسایە لە جامی جیهانی خانمان بەکارهێنرا، کە تێیدا ناوبژیوانی یارییەکە دوای سەیرکردنەوەی دیمەنەکان مایكێکی بەکاردەهێنا، بڕیارەکەی خۆی بۆ هاندەران ئاشکرا دەکرد و روونیدەکردەوە کە بۆچی ئەو بڕیارەی داوە.
 
تاوەکو ئێستا لە تاقیکردنەوەکاندا، روونکردنەوەکانی ناوبژیوان زۆر سادە بوونە، بۆ نموونە "یاریزانی ژمارە 11 لە یاریزانی ژمارە 19ـی داوە، بۆیە لێدانی سزا بۆ یانەی X هەژماردەکەم"، بەڵام سەرەڕای ئەوەش بەپێی ئەنجامی تاقیکردنەوەکان ئەو روونکردنەوانە بەرچاوروونییەکی زیاتری بە هاندەران بەخشیوە و وایکردووە توڕەیی و ناڕەزایەتی بەرامبەر بڕیارەکانی ناوبژیوان کەمبێتەوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە