خولی سعودی زەنگی مەترسی بۆ جیهان لێدەدات

30-12-2023
ئاسوودە پێشەوا
نیشانەکردن خولی رۆشنی سعودی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
خولی رۆشنی سعودی بڕیاریدا گۆڕانکاری لە یاسایەکی گرنگدا بکات کە دەتوانێت خولەکە بەهێزتر بکات و کاریگەرییەکی گەورە لەسەر تۆپی پێی جیهان دروستدەکات. 
 
دوای پەیوەندیکردنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەفسانەی بەنێوبانگی پۆرتوگالی بە یانەی نەسڕی سعودیەوە، چەندین ئەستێرەی گەورەی ئەوروپا وەک بنزیما، نەیمار، مانێ، فێرمینۆ، مەحرێز و چەندین یاریزانی گەورەی دیکەی کیشوەرەکە چوونە سعودیە، بەسەر یانە جیاوازەکانی خولەکەدا دابەشبوون و بوونە هۆکاری ئەوەی خولی سعودی ببێتە یەکێک لە پڕبینەرترین خولەکانی جیهان و ئاستی رکابەریکردن تێیدا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە. 
 
تاوەکو ئەم وەرزە یانەکانی سعودیە دەیانتوانی 30 یاریزان لە پێکهاتەکانیاندا ناونوس بکەن و لەو ژمارەیەدا دەکرا هەشت یاریزانی بیانی تێدا بێت، فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعودی بڕیاریدا لە وەرزی داهاتووەوە ژمارەی ئەو یاریزانانەی هەر یانەیەک بتوانێت تۆماریبکات بۆ 25 یاریزان کەم بکاتەوە، بەڵام یانەکان دەتوانن تاوەکو 10 یاریزانی بیانی ناونوس بکەن و لەو ژمارەیەدا هەشت یاریزان دەتوانن لە یارییەکدا بەشداریبکەن. 
 
ئەم گۆڕانکارییە رێگە خۆشدەکات بۆ ئەوەی یانەکانی خولی سعودی ئەستێرەی زیاتر لە وڵاتانی دیکە بەتایبەت لە کیشوەری ئەوروپاوە بهێننە ریزەکانیان و ئاستی رکابەریکردن لە خولەکەدا بەرزتر بکەنەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە مایکڵ ئێمینالۆ، سەرۆکی خولی پیشەگەری سعودی لە ماوەی رابردوودا گوتی "محەمەد سەڵاح، لیۆنێل مێسی و کێڤن دیبرۆین، ئەمانە ئەو یاریزانانە کە ئەگەر دەرفەتمان بۆ برەخسێت دەمانەوێت گرێبەستیان لەگەڵدا بکەین".
 
ئێمینالۆ زیاتر گوتی "ئەگەر کیلیان ئێمباپێ حەز بکات لە داهاتوودا بەشێک بێت لە پرۆژەکەمان، بە دڵنیاییەوە نابێت ئەو هەلە لە دەست بدەین کە یاریزانێکی وەکو ئەو لە خولەکەماندا بێت، کیلیان یاریزانێکە من زۆرم خۆشدەوێت".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە