راگەیێندراوێکی بەپەلە لەبارەی یاریی عێراق و کوێت

دوێنێ کاژێر 10:31
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، راگەیێندراوێکی لەبارەی یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و کوێت، لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیال بڵاوکردەوە.
 
فیدراسیۆنەکە لە راگەیێندراوێکی فەرمیدا دەڵێت، "فیدراسیۆنی تۆپی پێ لەو کاتەوەی تیروپشکی قۆناخی سێیەمی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026 راکێشراوە، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی پشکی هاندەرانی عێراق لە یارییەکاندا مسۆگەر بکات، کاتێک لە دەرەوەی یاریگەی خۆمان یاری دەکەین و ئامادەکاری فەرمی دەکەین بۆ یەکلاکردنەوەی رێژەی ئامادەبوونی 8%ی رێژەی هاندەران بەپێی رێنماییەکانی فیفا و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا".
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لەبارەی یارییەکەیان بەرامبەر کوێت دەڵێت، "فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ باڵیۆزخانەی وڵاتەکە لە کوێت و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەو وڵاتە بۆ ئەوەی پشکی هاندەرانی عێراق لە یارییەکەدا یەکلابکەنەوە کە رۆژی 10-9 یارییەکە لە کوێت بەڕێوەدەچێت".
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لە هەوڵەکانی بەردەوامدەبێت و بەپێی رێنماییە فەرمییەکان کاردەکات بۆ ئەوەی رێژەی تەواوی هاندەرانی عێراق لە یارییەکەدا ئامادەبن.
 
ئەم راگەیێندراوەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لە کاتێکدایە، لە ماوەی رابردوودا دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە کوێت رێگری لە ئامادەبوونی هاندەرانی عێراق دەکات لەو یارییەدا کە بڕیارە لە دەستپێکی قۆناخی سێیەمی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیال، لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەدا بەڕێوەبچێت.
 
هەڵبژاردەی عێراق ئێستا لە دەوحەیە و خۆی بۆ دوو یاریی داهاتوو بەرامبەر کوێت و عومان ئامادە دەکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە