رووداو دیجیتاڵ
هاندەرانی ریال مەدرید هەواڵێکی خۆشیان لەبارەی پێکانی داڤید ئالابای بەرگریکەری یانەکەوە پێگەیشت. پاشئەوەی زیاتر لە ساڵێک ئەو یاریزانە لە یاریگەکان دوورکەوتەوە.
یاریزانانی ریال مەدرید پشووی سەری ساڵیان وەرگرتووە و سبەی دووشەممە جارێکی دیکە دەست بەمەشقدەکەنەوە، لەپێناو خۆئامادەکردن بۆ یاریی تیپەکە بەرامبەر ڤالێنسیا لە رۆژی سێی مانگی داهاتوو.
رۆژنامەی 'مارکا' ئاشکرایکردووە، بەرگریکەرە نەمساییەکەی یانەکە، لەگەڵ دەستپێکردنەوەی مەشقە بەکۆمەڵەکانی تیپەکە، بۆ یەکەمجار لە دوای پێکانەکەیەوە، بەشداریی لە مەشقەکاندا دەکات.
بەپێی ئەوەی رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، لەگەڵ گەڕانەوەی ئالابادا بۆ مەشقەکانی ریال مەدرید، ئەو یاریزانە کۆی ساڵێک و 13 رۆژی رێک لە دوورکەوتنەوە لە تیپەکە و پێکانەکەی تەواو دەکات.
ئالابا دووچاری پچڕانی بەستەرەکانی ئەژنۆی بوو بوو و ناچاربوو نەشتەرگەری بۆ چاکبوونەوەی ئەنجام بدات.
رۆژنامەکە دەڵێ، ئالابا دەستبەجێ ناچێتەوە نێو لیستی یاریزانانی ریال مەدرید، بەڵکو پێویستی بەگونجان و متمانە بەدەستهێنانەوە و راهاتنەوە لەگەڵ مەشق و یارییەکان دەبێت، تاوەکو بەیەکجاری لە لیستی یانەکەدا دەربکەوێتەوە بۆ یارییەکانی داهاتوو.
رۆژنامەی 'مارکا' دەڵێ، گەڕانەوەی ئالابا هەنگاو بەهەنگاو دەبێت، بەبێ پەلەکردن و ئالابا خۆی، بەڕاویژی دەستەی راهێنەرانی یانەکە، بڕیاردەدات کەی دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ یارییکردن.
ئالابا چوار وەرزە لە ریال مەدریدە و ساڵێکی دیکەی لە گرێبەستەکەی لەگەڵ ئەو یانەیە دەمێنێت.
داڤید ئالابا 101 یاریی بەدرێسی ریال مەدریدەوە ئەنجامداوە و دوو نازناوی لالیگا و دوو نازناوی چامپیۆنزلیگ، نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیا و ئەورووپای لەگەڵ یانەکە بەدەستهێناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ