رووداو دیجیتاڵ
جارێکی دیکە ڤینیسیۆس جونیۆر، ئەستێرەی بەرازیلی و یانەی ریال مەدرید رووبەڕووی رەگەزپەرستی بووەوە.
لە کلاسیکۆی رۆژی شەممە لەنێوان هەردوو یانەی بارسێلۆنا و ریال مەدرید ، لە بەشێك لە کامێراکانی یاریگەکەدا دەردەکەوێت کە ڤینیسیۆس تووشی رەگەزپەرستی دەبێت و ئەمجارەیان لەلایەن هاندەرانی بارسا ئەنجام دەدرێ.
لە ڤیدیۆکاندا دەردەکەوێت کە بەشێك لە هاندەران مۆزی تێدەگرن وەك ئاماژەیەك بۆ رەگەزپەرستی و قسەی نەشیاوی پێ دەڵێن و بە "مەیموون" بانگی دەکەن.
کاردانەوەی بارسێلۆنا
دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە و هێرشی بەردەوامی میدیاکان بۆ سەر بارسا، یانەکە لە پۆستێکدا لە پەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس"ـدا دەڵێت: بارسێلۆنا هەمووکات بەرگری لە بەهاکانی تۆپی پێ کردووە و رێزی لە رکابەرەکانی گرتووە و لێکۆڵینەوە لە هەر کردارێکی رەگەزپەرستی دەکەین کە لە کلاسیکۆ ئەنجام درابێت.
کاردانەوەی لالیگا
بەخێرایی دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە، دەستەی لالیگا راگەیاندکراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت: " لە وەرزشدا هیچ جێگەیەك نییە بۆ رەفتاری رەگەزپەرستی و ڕق و کینەیی. لالیگا بە توندی ئیدانەی هەر کردەوەیەکی رەگەزپەرستی دەکات و بەردەوام دەبێت لە کارکردن بۆ نەهێشتنی ئەم رەفتارە نەشیاوانە لە وەرزشەکەماندا."
ڤینی قوربانیی رەگەزپەرستییە
تەنیا لە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵدا ئەمە جاری هەشتەمە لە لالیگادا رەگەزپەرستی دژی ڤینیسیۆس ئەنجام دەدرێت. بەرواری رووداوە رەگەزپەرستییەکانی دژی ڤینیسیۆس بەمشێوەیەن:
* مانگی 9ـی 2022، هاندەرانی ئەتلەتیکۆ مەدرید گۆرانی رەگەرپەرستی دژی ڤینیسیۆس دەڵێنەوە پێش رووبەروبوونەوەیان لە یاریگەی واندا مێترۆپۆلیتانۆ.
*مانگی 12ـی 2022،ڤینیسیۆس لەلایەن هاندەرانی ڤایادۆلید رووبەروی رەگەزپەرستی دەبێتەوە.
*مانگی 1ـی 2023،بوکەڵەیەکی ڤینیسیۆس لە دەرەوەی یاریگە هەڵدەواسرێت پێش یارییەکەیان دژی ئەتلەتیکۆ مەدرید.
*مانگی 2ـی 2023،هاندەرانی مایۆرکا رەگەزپەزپەرستییان دژی ڤینیسیۆس کرد لە یاری یانەکەیان دژی ریال مەدرید.
*مانگی 3ـی 2023،لالیگا دەڵێت: دووبارە رەگەزپەرستی دژی ڤینیسیۆس ئەنجامدراوە.
*مانگی 5ـی 2023، ڤینیسیۆس دژی ڤالێنسیا رووبەروی رەگەزپەرستی دەبێتەوە.
*مانگی 10ـی 2023، هاندەرێکی سێڤییا کرایە دەرەوەی یاریگە دوای ئەنجامدانی رەگەزپەرستی دژی ڤینیسیۆس.
*مانگی 10ـی 2023، لالیگا دەست دەکات بە لێکۆڵینەوە لە تۆمەتی رەگەرپەرستی دژی ڤینیسیۆس لە کلاسیکۆ.
ڤینیسیۆس جونیۆر، ساڵی 2018 بە گرێبەستێك بە بڕی 45 ملیۆن یۆڕۆ لە یانەی فلامینگۆی بەڕازیلییەوە پەیوەندی بە ریال مەدرید کرد. لەم وەرزەدا بەشداری لە 10 یاریدا کردووە و سێ گۆڵ و سێ ئەسیستی کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ