رووداو دیجیتاڵ
هەواڵی کۆچی دوایی برۆنۆ بێنتانکوری هێرشبەری لاوی خولی ئۆرۆگوای، ناوەندە وەرزشییەکانی ئەمریکای لاتینی هەژاند.
یانەی دیپۆرتیڤۆ ئیتاڵیانۆی پلە سێی ئۆرۆگوای رایگەیاند، برۆنۆ بیتانکوری هێرشبەری لاوی یانەکە، گیانی لەدەستداوە.
سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان ئاشکرایانکردووە، جەڵتەی دڵ کۆتایی بە ژیانی ئەو وەرزشڤانە گەنجە تەمەن 22 ساڵە هێناوە، پاشئەوەی جەڵتەکە بووەتە هۆکاری لەکارکەوتنی کتوپڕی کۆئەندامی هەناسەدان و لە کاژێرە سەرەتاییەکانی بەیانیی ئەمڕۆدا کۆچی دوایی کردووە.
یانەی دیپۆرتیڤۆ ئیتاڵیانۆ لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا بە خەمێکی قووڵەوە هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند "برۆنۆ، کە پێمان دەگوت 'ئێل بۆلا'، لە دڵی هەموو ئەندامانی یانەکەماندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە".
بەگوێرەی میدیاکانی ئەرجەنتین، بێنتانکۆر چەند رۆژێک پێش کۆچی دوایی، لە بوێنس ئایرسی پایتەختی ئەرجەنتین بووە، بە مەبەستی تاقیکردنەوە لەگەڵ یانەی دیپۆرتیڤۆ رێێسترا لە خولی نایابی ئەو وڵاتە. سەرەڕای ئەوەی ئاستێکی باشی پێشاندا، بەڵام دەستەی کارگێڕیی یانە ئەرجەنتینییەکە بڕیاریاندا گرێبەستی لەگەڵ واژۆ نەکەن.
لەو گەشتەدا، ناوی بێنتانکۆر بەهۆی رووداوێکی تەمومژاوییەوە کەوتە نێو میدیاکان؛ کامێراکانی چاودێری یانەی رێێسترا پێشانیان دابوو کە یاریزانەکە هەندێک جلوبەرگی وەرزشی هاوڕێکانی بردووە، بەڵام کێشەکە بە شێوەیەکی دۆستانە چارەسەر کرا و یاریزانەکە قەرەبووی دارایی جلوبەرگەکانی کردەوە، بەبێ ئەوەی بگاتە دادگا.
برۆنۆ بێنتانکۆر لە یانەی فینێکس پێگەیشت و دواتر رووی لە ئەکادیمیای یانەی ناوداری پێنارۆڵ کرد. لە ساڵی 2023 بۆ یەکەمجار لە خولی نایابی ئۆرۆگوای بەشداری کرد و توانی نازناوی خولی ئاپێرتورا لەگەڵ پێنارۆڵ بەدەستبهێنێت.
یەکێک لە وێستگە هەرە سەرنجڕاکێشەکانی ژیانی ئەو یاریزانە، یارییکردنی بوو لە یانەی عەینی ئیماراتی. لەوێ بەهۆی ڤیدیۆیەکی تیک تۆکەوە ناوبانگێکی زۆری دەرکرد، کاتێک بە پێکەنینەوە گوتی "نازانم لە کوێم و ناوی ئەم شوێنە چییە، بەڵام دواجار گەیشتم"، ئەم سادەییەشی وایکرد ببێتە خۆشەویستی هەزاران هەوادار.
ئاواتێک کە نەهاتە دی دوایین دەرکەوتنی برۆنۆ تەنیا دوو رۆژ پێش کۆچی دوایی بوو، لە چاوپێکەوتنێکی میدیاییدا دانی بەوەدانا کە گەورەترین ئاواتی ئەوەیە، جارێکی دیکە بگەڕێتەوە و درێسی یانەی پێنارۆڵ بپۆشێتەوە، بەڵام مەرگ مەودای نەدا و ئەو بەهرەمەندە گەنجە ماڵئاوایی کرد.




