مانچێستەر و تۆتێنهام لەپێناو چارەنووسی راهێنەرەکانیان بەدوای بردنەوەدا دەگەڕێن

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن تۆتێنهام هۆتسپێر مانچێستەر یونایتید پرێمەرلیگ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە یارییەکی گرنگ و چارەنووسسازدا کە دەکرێ چارەنووسی ئێریک تێن هاگی راهێنەری یانەکە یەکلایی بکاتەوە، مانچێستەر یونایتد لە گەڕی شەشەمی پرێمەرلیگدا میوانداریی تۆتێنهام هۆتسپێر دەکات.
 
یارییەکە بۆ تۆتێنهامیش هەمان بایەخ و گرنگیی هەیە و تاڕادەیەکی زۆر گومانەکان لەبەردەوامبوونی پۆستیکۆگلۆی راهێنەر دەڕەوێنێتەوە، یان زیادی دەکات.
 
هەردوو یانە، کاژێر 18:30 بەکاتی باشووری کوردستان، لە یاریگەی ئۆڵدترافۆردی تایبەت بەیانەی مانچێستەر یونایتد بەیەکدەگەن.
 
ئەنجامەکانی هەردوو یانە تاوەکو ئێستا لە پرێمەرلیگدا وەکو یەکن، هەردوو یانە هەریەکەیان پێنج یارییان ئەنجامداوە، هەریەکەیان دوو بردنەوە و دوو دۆڕان و یەکسانبوونێکیان هەیە و لە پلەکانی دەیەم و یانزەیەمی ریزبەندی خولەکە بەدوای یەکدا دێن.
 
یارییەکەی نێوان هەردوو یانە، کە دەبێتە یاریی ژمارە 77 لە نێوانیان، دەتوانێت ئاراستەی گشتیی وەرز و دۆخی راهێنەری هەردوو یانە یەکلایی بکاتەوە.
 
ئێریک تێن هاگ، راهێنەری مانچێستەر یونایتد، گوشاری زۆری لەسەرە بەهۆی ئەنجامەکانی چەند یاریی رابردوویەوە. تیپەکە لە یاریی یەکەمی خۆیدا لە یۆرۆلیگیش باش دەرنەکەوت و لە نێو یاریگەی خۆیدا بەگۆڵێک لەگەڵ تڤینتی ئانشخیدەی هۆڵەندی یەکسانبوو.
 
یارییەکە دەتوانێ دۆخی تێن هاگ بەئاراستەی خراپتر لەگەڵ کارگێڕیی و هاندەرانی یانەکە ببات، دەشتوانێ ئارامی بکاتەوە ئەگەرچی بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت.
 
یونایتد لە یارییەکانی رابردووی خۆیدا لە پرێمەرلیگ، پێنج گۆڵی تۆمارکردووە، هەمان ژمارە گۆڵیشی لێکراوە و ئەوەش خاڵێکی لاوازە لە تیپەکەدا کە ناتوانێ پارێزگاریی لە گۆڵەکەی بکات.
 
تۆتێنهام لای خۆیەوە، لەگەڵ ئانجی پۆستیکۆگلۆی راهێنەری، دۆخێکی نزیک لە دۆخی یونایتدی هەیە.
 
ئەگەرچی راهێنەری ئەو یانەیە گوتوویەتی بەشێوەیەکی گشتی لە وەرزی دووەمی کارکردنم لەگەڵ یانەکان، نازناوێک دەبەمەوە، بەڵام تۆتێنهام لە پرێمەرلیگدا، نەک ئەو ویستەی پێشاننەداوە، بەڵکو زۆر دوور لەو توانایە دێتە بەرچاو.
 
پۆستیکۆگلۆ لەبەرەی ناڕەزایەتی میدیاکان و هاندەراندا هەست بەئارامیی زیاتر دەکات، چونکە خەونی یانەکە هێندەی مانچێستەر یونایتد گەورە نییە و داواکارییەکانیش لەسەری گەورە نین، بەڵام دۆڕاندن بەرامبەر یونایتد، پرسیاری زۆر لەبارەی دۆخی تیپەکەوە دروستدەکات.
 
لە دوایین سێ یاریی نێوان هەردوو یانەدا، تۆتێنهام بردنەوەیەک و دوو یەکسانبوونی بەدەستهێناوە و ئەنجامی یارییەکەی ئەمڕۆ بۆ هەردوو یانە، سەرەتای پاشەکشەیەکی دیکە لە ئەنجامەکان، یان هەڵسانەوە و دەستپێکردنەوەی وەرزەکە بەگوڕوتینێکی دیکەوە دەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە