باوکی نەیمار ملیۆنان دۆلار قەرزارە

28-11-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن نەیمار داسێلڤا یانەی هیلالی سعودی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نەیمار داسێلڤا سانتۆس، باوکی نەیمار جۆنیۆری ئەستێرەی یانەی هیلالی سعودی، رووبەڕووی ژمارەیەکی زۆر لە سکاڵای یاسایی بووەتەوە، بەهۆی چەندین تۆمەتی جیاواز.
 
ناوی ماڵباتەکەی نەیمار، زۆرینەی کات بەڕووداوی مشتومڕهەڵگرەوە بەستراوەتەوە. لە کاتێکدا لە ماوەکانی رابردوودا داواکاریی زۆر هەبوون بۆ نەیمار، تاوەکو بەیەکجاری واز لە یارییکردن بهێنێت بەهۆی زۆریی پێکانەوە.
 
رۆژنامەی 'تیرا'ی بەرازیلی ئاشکرایکردووە، قەرزەکانی سەر باوکی نەیمار گەیشتووەتە ملیۆنان، بەهۆی باج و چەندین بابەتی دیکەی نایاساییەوە.
 
رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، کۆمپانیای 'نەیمار سپۆرت مارکێتینگ' کە باوکی نەیمار خاوەنیەتی، بەهۆی سێ دۆسێی جیاوازەوە بڕی 10،485،896.66 ریالی بەرازیلی قەرزارە. ئەو بڕە پارەیە دەبوو لە نێوان 2022 تاوەکو 2024 بدرێت.
 
رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، هەمان کۆمپانیا کۆی 56 پسوولەی سزای سەرپێچیی یاساکانی هاتووچۆی لە ساڵی 2018 ەوە لەسەر کۆبووەتەوە کە پارەی 48 لەو سەرپێچییانە بریتییە لە 1،912.34 ریالی بەرازیلی.
 
وەک راپۆرتی رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، نەیمار و باوکی تۆمەتبارکراون بەخۆدزینەوە لە باجی چەندین کۆمپانیا و خانوو کە لە شاری سانتۆسی بەرازیل هەیانە.
 
کێشەکانی باوکی نەیمار، لە کاتێکدایە کە ئەو یاریزانە رووبەڕووی داهاتوویەکی نادیار بووەتەوە، چونکە لە ماوەی رابردوودا دەنگۆی زۆر لەسەرئەوە بڵاوبووەوە کە یانەی هیلالی سعودی دەیەوێت گرێبەستی ئەو یاریزانە هەڵبوەشێنێتەوە، چونکە بەهۆی پێکانی بەردەوامەوە توانای بەشداریکردن لەگەڵ یانەکەی نییە و مووچەیەکی زۆریش وەردەگرێت.
 
نەیمار لە هاوینی 2023 لە پاریس سانجێرمانەوە پەیوەندی بە هیلالی سعودییەوە کرد. تەنیا حەوت یاریی فەرمیی لەگەڵ یانە نوێیەکەیدا ئەنجامدا و دواتر تووشی پێکانێکی قورس بوو کە بەهۆیەوە نەشتەرگەریی ئەنجامدا و ماوەیەکی زۆر لە تیپەکە دوورکەوتەوە.
 
میدیاکانی بەرازیل دەڵێن، ئەگەر هەیە باوکی نەیمار چەندین کێشەی دیکەی یاسایی لە بەڕێوەبردنی کارەکانی کوڕەکەیدا هەبێت، بەڵام هێشتا تیشکیان نەخراوەتە سەر و ئاشکرا نەکراون.
 
بەپێی هەمان ئەو سەرچاوانە، زوو چارەسەرنەکردنی کێشەی قەرزاریی و کەڵەکەبوونی باجەکان لەسەر باوکی نەیمار، وا دەکات رووبەڕووی سزای بەندکردن ببێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە