رووداو دیجیتاڵ
یەکێك لە باشتری گۆڵپارێزەکانی مێژووی پرێمەرلیگ یاری هۆکی دەکات و ئێستا لە بەرزترین ئاستدا رکابەری دەکات.
پێتر چێك، گۆڵپارێزی پێشووی یانەکانی چێڵسی و ئارسیناڵ یەکەمین یاری خۆی لە خولی بژاردەی هۆکی ئەنجامدا، کە ئەم خولە بەرزترین ئاستی یاری هۆکییە لە وڵاتی بەریتانیا.
چێك لە ساڵی 2019 وازهێنانی لە یاری تۆپی پێ راگەیاند، دواتر دەستی بە یاری هۆکی کرد و پەیوەندی بە یانەی گیڵدفۆرد فینیکسەوە کرد کە یانەیەکە لە خولی پلە دووی بەریتانیا یاری دەکات. دواتر گۆڵپارێزێکەی پێشووی پرێمەرلیگ بە خواستن پەیوەندی بە یانەی بێڵفاست جایانتسەوە دەکات لە خولی بژاردەی هۆکیدا، کە ئەم خولە بە بەهێزترین ئاستی رکابەری یاری هۆکی دادەنرێت لە بەریتانیا.
لە رووبەڕووبوونەوەی نێوان بێڵفاست جایانتس و گلاسگۆ کلان، چێك لەسەر کورسی یەدەگ بوو، دواتر هاندەرانی یاریگە بە یەك دەنگ هاواریان دەکرد و دەیان گوت "ئێمە چێکمان دەوێت"، راهێنەری یانەکەش دڵی نەشکاندن، ئەفسانەکەی پێشووی چێڵسی هێنایە یاریگە و بە چەپڵە پێشوازی لێکرا و یارییەکە بە ئەنجامی 5-1 لە بەرژەوەندی بێڵفاست جایانتس کۆتایی هات.
دوای یارییەکە لە لێدوانێكیدا بۆ میدیاکان، چێك گوتی "شانازی بەم ساتەوە دەکەم، بەڵام ئەوەی زیاتر دڵخۆشم دەکات بردنەوەی یارییەکەبوو".
پێتر چێك، گۆڵپارێزی پێشووی یانەکانی چێڵسی و ئارسیناڵ بە یەکێك لە باشترین گۆڵپارێزەکانی مێژووی پرێمەرلیگ و تۆپی پێ دادەنرێت، گۆڵپارێزە چیکییەکە خاوەنی زۆرترین کلین شیتە لە مێژووی پرێمەرلیگ و توانیویەتی چوار نازناوی پرێمەرلیگ و چامپیۆنزلیگێك بباتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ