ئەستێرەیەکی بوندێسلیگا لە پێناو بایرندا پرێمەرلیگ رەتدەکاتەوە

28-11-2023
ئاسوودە پێشەوا
نیشانەکردن بوندێسلیگا بایرن میونشن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەستێرەیەکی بوندێسلیگا پرێمەرلیگ رەتدەکاتەوە و بایرن میونشنی دەوێت. 
 
بەپێی میدیاکانی ئەڵمانیا، فلۆریان ڤیرتز، ئەستێرەی ناوەڕاستی یانەی بایرلیڤەرکوزن دەیەوێت دوای جێهێشتنی یانەکەی هەر لە ئەڵمانیا بمێنێتەوە و پەیوەندی بە یانەی بایرن میونشن بکات. 
 
بەهەمان شێوەی یاریزانەکە، بایرن میونشن ڤیرتزی وەك ئامانجی یەکەمی داناوە و دەیەوێت یاریزانەکە بگوازێتەوە ئالیانز ئارێنا، بەڵام پێناچێت گرێبەستەکە ئاوا بە ئاسانی ئەنجامبدرێت بە تایبەتی کە بایرلیڤەرکوزن لەبەرامبەر دەستبەرداربوون لە ڤیرتز داوای 120 ملیۆن یۆرۆ دەکات. 
 
کێشەیەکی دیکەی گرێبەستەکەی ڤیرتز بۆ بایرن میونشن، شوێنی یاریکردنی یاریزانەکەیە. ناوەڕاستی هێرشبەر، باشترین شوێنی یاریکردنی ڤیرتزە کە هەمان شوێنی یاریکردنی جەمال موسیالای ئەستێرەی یانە باڤارییەکەیە. بۆیە لە ئەگەری سەرکەوتنی گرێبەستەکە، تۆماس تۆخێلی راهێنەری بایرن دەبێت رێگەچارەیەك بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی هەردوو ئەستێرە لاوەکە یاری پێبکات. 
 
فلۆریان ڤیرتزی تەمەن 20 ساڵ، لەم وەرزەدا ئاستێکی سەرسوڕهێنەری پێشکێش کردووە و لە 18 یاریدا بەشداری 16 گۆڵی کردووە و بە یەکێك لە باشترین ئەستێرە لاوەکانی ئەوروپا دادەنرێت، هەر ئەوەشە وایکردووە چەندین یانەی گەورەی ئەوروپا چاودێری بکەن و هەوڵبدەن بیگوازنەوە ریزەکانیان.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە