سۆلشایەر بۆمبێکی لەبارەی گەڕانەوەی رۆناڵدۆ بۆ مانچێستەر یونایتد تەقاندەوە

28-09-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن پرێمەرلیگ کریستیانۆ رۆناڵد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئۆلی گۆنار سۆلشایەری راهێنەری پێشووی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، بۆمبێلی لەبارەی گەڕانەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ ریزەکانی ئەو یانەیە لە ساڵی 2021 تەقاندەوە، ئەو دەڵێ، گەڕانەوەی رۆناڵدۆ ژووری جلگۆڕینی یانەکەی رووخاند.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە نێوان 2003 تاوەکو 2009 لە مانچێستەر یونایتد یارییکرد، پاشان روویکردە ریال مەدرید و دواتر یوڤێنتوس، بەڵام ساڵی 2021 گەڕایەوە مانچێستەر یونایتد.
 
ئەوکاتەی رۆناڵدۆ گەڕایەوە یانە کۆنەکەی، سۆلشایەر راهێنەری مانچێستەر یونایتد بوو، بەڵام دواتر ئەو راهێنەرە لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و ئێریک تێن هاگ شوێنی گرتەوە کە ناکۆکی قووڵی لەگەڵ رۆناڵدۆ هەبوو. بەرلەوەی دۆن یانەکە بەرەو نەسڕی سعودی بەجێبهێڵێت.
 
سۆلشایەر لەبارەی گەڕانەوەی رۆناڵدۆوە لە ئیڤێنتێکدا لە ئۆسلۆ دەڵێ، "گێڕانەوەی رۆناڵدۆ بۆ مانچێستەر یونایتد هەڵەیەکی زۆر گەورە بوو".
 
سۆلشایەر ئاشکرایکردووە ئەو خۆی پەیوەندی بەرۆناڵدۆوە کردووە لەپێناو گەڕانەوە بۆ یانەکە و رازیکردنی بۆ ئەو کارە، لەبری ئەوەی رووبکاتە یانەی مانچێستەر سیتی.
 
سۆلشایەر دانیبەوداناوە کە ئامانجی گێڕانەوەی رۆناڵدۆ بۆ یونایتد، تەنیا بۆ ئەوەبوو رێگری لێبکەن لەچوون بۆ مانچێستەر سیتی، چونکە مانچێستەر یونایتدی ئەوکات هیچ پێویستییەکی بەرۆناڵدۆ نەبوو.
 
سۆلشایەر هەروەها دەڵێ، "لەنێو یانەکەدا بۆچوونێک هەبوو کە ئەگەر رۆناڵدۆ بچێتە مانچێستەر سیتی، ژمارەی گۆڵەکانی لەگەڵ ئەو یانەیە لە ژمارەی گۆڵەکانی ئێستای ئێرلینگ هالاند زیاتر دەبێت".
 
سۆلشایەر کە لە 2018 تاوەکو 2021 راهێنەری مانچێستەر یونایتد بووە، دەڵێ، رۆناڵدۆ لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ یانەکە، یەکگرتوویی ژووری جلگۆڕینی تیپەکەی تێکدا، چونکە لەگەڵ هاتنەوەی ئەودا، زۆر یاریزان هەستیان کرد هیچ بایەخیان لە تیپەکەدا نەماوە.
 
بەرلەگەڕانەوەی بۆ مانچێستەر یونایتد، کریستیانۆ رۆناڵدۆ نزیکبوو لە پەیوەندیکردن بە مانچێستەر سیتی، بەڵام ئەوکات راگەیێنرا کە سێر ئەلێکس فێرگسۆنی راهێنەری مێژوویی مانچێستەر یونایتد، رۆڵی گەورەی هەبووە لە رازیکردنی رۆناڵدۆ بەگەڕانەوە بۆ مانچێستەر یونایتد.
 
رۆناڵدۆ تاوەکو مانگی یانزەی ساڵی 2022 لەگەڵ مانچێستەر یونایتد مایەوە و دواتر بەڕەزامەندی هەردوولا گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە هەڵوەشاندەوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە