سعودیە داوای دوو یاریزانی بارسێلۆنا دەکات

دوێنێ کاژێر 05:51
سیڤەر بێستوون
نیشانەکردن بارسێلۆنا گواستنەوەی یاریزانان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی نەسری سعودی، دوای ئەوی  وەرزی رابردوو نەیتوانی رکابەری یانەی هیلال بکات بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی نازناوی خولی وڵاتەکەی، بۆ ئەم وەرزە ئامادەکارییەکانی دەستپێکردووە و دەیانەوێت تیپێکی تۆکمە لە چواردەوری کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرە و کاپتنی یانەکەیان دروستبکەن.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان، نەسر دەستەوارەیەکی گەورەی بەبڕی 100 ملیۆن یۆرۆ پێشکێشی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی کردووە، بۆ دەستبەرداربوون لە رافینییا، یاریزانی بەرازیلی و یانەکە، یاریزانەکەش نایەوێت لە بارسێلۆنا بروات.
 
رافینیا لە هاوینی 2022 پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی بارسێلۆناوە کردووە، لە 87 یاریی فەرمیدا خاوەنی 20 گۆڵ و 23 ئاسیستە.
 
جگە لە رافینیا، یاریزانێکی دیکەی بارسا، لە پلانەکانی سعودیەدایە و یانەیەکی ئەو وڵاتە دەیەوێت ئیلکای گوندۆگانی ئەڵمانی بباتە یانەکەی.
 
یاریزانەکە بە گرێبەستێکی بێبەرامبەر لە یانەی مانچێستەر سیتییەوە پەیوەندیی بە بلاوگراناوە کردووە، بەڵام بەهۆی خراپی باری دارایی یانەکەوە، بارسێلۆنا بیر لە دەستبەرداربوون لەو یاریزانە دەکاتەوە و دەیەوێت ئەو یاریزانە بفرۆشێت، بۆ ئەوەی بتوانێت خەزێنەی یانەکەی ببوژێنێتەوە، بەڵام بە هەمان شێوەی رافینیا، گۆندوگانیش نایەوێت بارسا بەجێبهێڵێت.
 
ئیلکای ئامانجی ئەوەیە دوا وێستگەکانی تەمەنی یارییکردنی لە بارسێلۆنا بێت و لەو یانەیەدا واز لە یارییکردن بهێنێت.
 
ئیلکای گوندۆگان لە وەرزی رابردوودا یەکێک بوو لە ئاستبەرزترین یاریزانەکانی بارسا، لە 51 یارییدا، 5 گۆڵی تۆمارکرد و 14 گۆڵیشی دروستکرد. 



کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە