رووداو دیجیتاڵ
ئەفسانەی پۆرتوگالی و کاپتنی یانەی نەسڕی سعودی، کریستیانۆ رۆناڵدۆ، جارێکی دیکە جیهانی وەرزشی هەژاند دوای ئەوەی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەری هەیە ئەم وەرزە دوایین وێستگەی کاروانی وەرزشیی ئەو بێت و چیدیکە لەناو لاکێشە سەوزەکاندا نەبینرێتەوە.
بەڵام سەرەڕای ئەوەی تەمەنی گەیشتووەتە 41 ساڵ و خەریکە چارەکە سەدەیەک لە قوربانیدان و بەدەستهێنانی نازناو تەواو دەکات، زمان و لۆژیکی ژمارەکان دەڵێن: بڕیاری ماڵئاوایی هێشتا کۆتایی نییە. سێ پاڵنەری ناوازە هەن کە رەنگە رۆناڵدۆ ناچار بکەن لە بڕیارەکەی پاشگەز ببێتەوە و کاروانە ئەفسانەییەکەی بەردەوامی پێبدات:
1- خەونی گەیشتن بە 1000 گۆڵ
گەیشتن بە گۆڵی ژمارە 1000، گەورەترین ئاڵنگاری و دوایین خەونە، کە رۆناڵدۆ دەیبینێت بۆ ئەوەی پێگەی خۆی وەک گۆڵکاری مێژوویی و بێ رکابەری تۆپی پێ بچەسپێنێت. هەرچەندە گەیشتن بەم ژمارەیە لەم وەرزەدا مەحاڵ نییە، بەڵام بەهۆی پەستانی یارییەکان و رکابەرییە تووندەکان، رەنگە گەیشتن بەو ئامانجە کاتێکی زیاتری بوێت. ئەم راستییە ژمارەییە رەنگە دۆن ناچار بکات لانیکەم وەرزێکی دیکەش بەردەوام بێت، چونکە ئەو بە سروشتی خۆی لە ئاست شکۆیەکی مێژوویی وا کە تەنیا چەند هەنگاوێکی ماوە، خۆی بەدەستەوە نادات.
2- یاریکردن لە تەنیشت کریستیانۆ جۆنیۆر
ئارەزووی باوکێک بۆ هاوشانیی کوڕە گەورەکەی کریستیانۆ جۆنیۆر لەناو یاریگادا، خاڵێکی لاوازی سۆزداری و هاندەرێکی بەهێزە کە رێگری لە وازهێنانی رۆناڵدۆ دەکات. هەرچەندە کاروانی وەرزشیی کوڕەکەی هێشتا لە سەرەتادایە و پێویستی بە کاتە بۆ گەیشتن بە ئاستی پیشەگەر، بەڵام رۆناڵدۆ نایەوێت بێ هیوا بێت لە ئەنجامدانی لانیکەم یەک یاریی فەرمی یان تەنانەت دۆستانە لەگەڵ کوڕەکەیدا؛ وازهێنانی ئێستا، بەواتای کۆتاییهاتنی ئەم خەونە مێژووییە دێت کە هەمیشە رۆناڵدۆ ویستوویەتی کردووە.
3- شۆڕشی جیسۆس و چاوەڕوانیی بۆ یۆرۆی 2028
پێشبینی دەکرێت هەڵبژاردەی پۆرتوگال لەژێر سەرپەرشتی راهێنەر خۆرخی جیسۆس گۆڕانکارییەکی تەکتیکی گەورە بەخۆیەوە ببینێت، ئەمەش وا دەکات رۆناڵدۆ جارێکی دیکە چێژ لە هێرشبەریی و درەوشانەوە لەگەڵ وڵاتەکەی ببینێتەوە. ئەم گۆڕانکارییانە و ئاستە بەرزەی چاوەڕوان دەکرێت پۆرتوگال پێشکەشی بکات، رەنگە ئارەزووی دۆن ببوژێنێتەوە کە تەنیا بە نازناوی بچووک رازی نەبێت و چاوی لە جامی یۆرۆی 2028 بێت.
کۆتاییهێنان بە کاروانی وەرزشی بە بەرزکردنەوەی جامی یۆرۆ بۆ جارێکی دیکە و وەک کاپتن، سیناریۆیەکی خەیاڵییە کە دەکرێت رۆناڵدۆ رازی بکات وازهێنانەکەی دوا بخات.




