6 ژن وەرزی داهاتوو فەرمانڕەوایی ریال مەدرید دەکەن

28-05-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن یانەی ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دەڵێن لەپشت هەموو پیاوێکی گەورەوە خانمێک هەیە. ئەوە گوتەیەکە بۆ هەموو بوارەکان دەگونجێت بەتایبەتی تۆپی پێ.
 
ئەم گوتەیە ساڵانە لەلایەن یاریزانێکی جیاوازەوە سەلمێندراوە. جارێک لیۆنێل مێسی و ئەنتۆنێلای هاوژینی، جارێک کریستیانۆ رۆناڵدۆ و دایکە میهرەبانەکەی.
 
بەڵام لەبەرئەوەی جیهان بەخێرایی دەگۆڕێت، قسەمان لەسەر ئەستێرەکانی دیکە دەبێت جگە لەو دووانە کە ساڵانێکە بەردەوامن لە کێبڕکێکردن.
 
قسەمان لەسەر کۆمەڵێک ئەستێرەی ریال مەدرید دەبێت کە ژیانی تۆپی پێ و کەسییان بەڕێوەدەبردرێت، لەوانەیە لەلایەن کۆمەڵێک خانمەوە بێت، کە دەکرێت ئەو خانمانە بتوانن لە وەرزی داهاتوودا چارەنووسی یانەی شاهانە کۆنتڕۆڵ بکەن.
 
با پێداچوونەوە بە ناوی ئەو خانمانەدا بکەین کە لە ساڵانی داهاتوودا دەتوانن چارەنووسی زۆر یاریزان لە مێژووی تۆپی پێدا بگۆڕن:
 

دۆستەکانی ڤینسیۆس
 
ژیانی تایبەتی ئەو ئەستێرە بەرازیلییە ئاشکرا نییە، بەڵام ناوی زۆر خانم بە ئەستێرەکەی ریال مەدریدەوە بەستراوەتەوە.
 
هەرچەندە ڤینیسیۆس پێشتر رەتیکردەوە کچە هاوڕێیەکی لە ژیانیدا هەبێت و گوتی "کەس بەهیچ شێوەیەک، کەس لە ژیانمدا نییە، من لە قۆناخی سەرەتاییدام"، بەڵام لە زۆر بۆنەدا لەگەڵ ئەو خانمانەدا دەرکەوتووە کە رۆژنامەکان بە هاوڕێی ئەوی دەزانن.
 
دیارترین ناو لەو ناوانە ماریا مازالییە، ئەو بلۆگەرە بەرازیلییەی کە بە دەرکەوتنی لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا ناوبانگێکی زۆری بەدەستهێنا.
 
پەیوەندییەکە کاتێک ئاشکرابوو کە ئەو دووانە بە وێنەی جیاواز لە ئینیستاگرام لە یەک ژوور و گەرماو لە یەککاتدا دەرکەوتن.
 
ناوێکی دیکە کۆرینا سمیس، مۆدێل و گۆرانیبێژێکی خەڵکی ڤێنزوێلایە، کە لەم دواییانەدا زۆر سەردانی مەدریدی کردووە و لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ دەرکەوتووە، بە تایبەتی لە کۆتایی هەفتەی رابردوو، کاتێک لەگەڵ ڤینیسیۆس لە ئاهەنگێکدا لە مەدرید دەرکەوت و پێکەوە دەرکەوتن، بەشێوەیەکی گوماناوی زۆر لە یەک نزیکبوون.
 
 

کچە هاوڕێ و دایکی جود بێلینگهام
 
کاریگەری بێلینگهام کەمتر نییە لە کاریگەریی ڤینیسیۆس لە ریال مەدرید، ئەگەر لەوە زیاتر نەبێت، بۆیە لەوانەیە ئەو ژنانەی لە ژیانیدان راستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر یانەی شاهانە هەبێت.
 
بێلینگهام نکۆڵی له بوونی پەیوەندی سۆزداری له ژیانیدا دەکات و تەنیا ئەوەی  پشتڕاستی دەکاتەوه که دایکی ئەو کەسەیە کە هەموو شتێکی بەدەستەوەیە و بەڕێوەی دەبات، له نێویاندا رێکخستنی گرێبەست و خواردنەکانی و دەستوەردان لە زۆر له وردەکارییەکانی ژیانی.
 
بەڵام دواجار بێلینگهام لەگەڵ لۆرا سیلیا فالک، کە مۆدێلێکی هۆڵەندییە دەرکەوت، کە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پەیوەندییەکەی لەگەڵیدا بۆ سەرچاوە نزیکەکانی ئاشکراکردووە. هەروەها پشتڕاستیکردەوە کە لە کۆتایی هەفتەدا لە ماڵەکەی لە مەدرید لەگەڵیدا دەمێنێتەوە.
 
 

کچە هاوڕێ و دایکی ئیندریک
 
یاریزانێکی نوێ لە ریزەکانی ریال مەدریددا ئیندریکە، کە تەمەنی 17 ساڵە و خۆشەویستەکەی ناوی گابرێلی میراندایە، کە تەمەنی 21 ساڵە.
 
گابرێلی گرێبەستێکی سۆزداری لەگەڵ ئیندریک هەیە کە بڕگەیەکی زۆر سەیر و سەمەڕەی تێدایە، لەوانەش بەردەوام گوتنی وشەی "خۆشمدەوێیت"، کە لە هەر بارودۆخێکدا دەبێت پێبڵێت خۆشم دەوێی. هەروەها دەبێت بەردەوام دەستی بگرێت. جگە لەوەش لیستێکی درێژی قەدەخەکراوەکانی بۆ داناوە، لەوانە دەمقاڵێ لەبەردەم کەسانی دیکە و رێگریکردن لە خەوتن یان رۆتشتن لە کاتێکدا کە دەمەقاڵێ دەکەن.
 
لێرەدا کێشەکە پەیوەندی گابرێلییە لەگەڵ دایکی ئیندرێک، بەو پێیەی ئەمەی دووەمیان حەزی لێی نییە، و چەند رۆژێک لەمەوبەر لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا وێنەیەکی گابرێلی لەگەڵ خۆی و کوڕەکەی بڕیوە.
 

فایزە عەماری
 
دایکی کیلیان ئێمباپێ کەسایەتییەکی ناسراوی تۆپی پێیە، بەو پێیەی راستەوخۆ کاریگەری لەسەر زۆر بابەتی پاریس سانجێرمان و فەرەنسا و تەنانەت خودی ریال مەدریدیش هەبووە.
 
عەماری ئێستا بە بەهێزترین خانمی تۆپی پێ دادەنرێت، بەو پێیەی دایکی یەکێکە لە ئەستێرە دیار و گرنگەکانی جیهان، کە بێگومان لە ریزەکانی ریال مەدریددا گەشاوەتر دەبێت.
 
بوونی ئەو ژنە لە ریال مەدرید بەقەد بوونی ئەو پێنج ژنە بەهێزە کە لە سەرەوە باسمان کردن و لەگەڵ هەموویان لەوانەیە گۆڕانکاری گەورە لە ریزەکانی شاهانەدا ببینین.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە