ڤیدیۆ؛ مان سیتی یارییەکی زەحمەتی بەرامبەر یانەیەکی ئاسان هەیە

28-04-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
مانچێستەر سیتی
مانچێستەر سیتی
نیشانەکردن مانچێستەر سیتی پرێمەرلیگ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

بەبێ ئاوڕدانەوە لەوەی رکابەرە راستەوخۆکەی چیدەکات و چۆن هەوڵی زیندووهێشتنەوەی ئومێدەکانی خۆی بەبەدەستهێنانی نازناوی پرێمەرلیگ دەدات، مانچێستەر سیتی لە کاروانی بەرەوسەری بەردەوام، لە هێشتنەوەی نازناوی خولەکە لای خۆی بەردەوام دەبێت.
 
سیتی کە هەفتانە گەمەی کورسی گۆڕین لەگەڵ ئارسیناڵی رکابەریدا دەکات، ئەمشەو ئەرکەکەی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی ئاسانە، بەڵام پڕ لە سەرکێشی و مەترسیشە، چونکە نۆتێنهگام فۆرێست یەکێکە لە تیپە هەڕەشە لەسەرەکان بۆ دابەزین و سەرسەختانە لەپێناو مانەوەی خۆیدا لە پرێمەرلیگ دەجەنگێت.
 
ئەم هەفتانە، رکابەریی پێشەنگەکانی خولەکە چەندە تووند و تاقەتپڕوکێنە، جەنگی ژێرەوەی ریزبەندییەکەش لە نێوان هەڕەشە لەسەرەکاندا هێندە بەهێزە و هەمووان هەوڵدەدەن بەکەمترین زیانەوە لە یاریگە بێنە دەرەوە و بەسەر پشتی ئەوانیدیکەدا خۆیان لە نوقمبوون بپارێزن.
 
ئەرکەکەی سیتی، ئەگەرچی لە لووتکەی ئاست و ئەنجامی خۆشیدایە، لە دەرەوەی یاریگەی خۆی ئاسان نییە و ئەو یانەیە نزیکەی دوو مانگە لە یاریگەی خۆیدا نەدۆڕاوە و هاندەرەکانی کاریگەریی گەورە لەسەر ئەنجامەکانی تیپەکە دروستدەکەن، کاتێک لە یاریگەی خۆیدا یارییدەکات.
 
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی، دەڵێت "پێموایە پێشتر جارێک یان دووجار هاتوومەتە ئەم یاریگەیە و هەموو کات کەشەکەی ناوازەیە. لەوانەیە ئەوان پاڵنەری زیادەیان هەبێت، لە راستیدا جەنگی خۆپاراستن لە دابەزین دەکەن و ئەوەش دەریدەخاتە ئەنجامەکان چەندە گرنگە بۆیان، بەتایبەت دوای سەرکەوتنەکانی ئیڤێرتن. لەبەرئەوە ئەوەی تووشی دڵەڕاوکەما دەکات، هۆدسۆن ئۆدۆی و هەموو هێرشبەرەکانی دیکەیانە. ئەوەی ئێمە دەیکەین بریتییە لە کۆنترۆڵکردنی چەکەکانی ئەوان، ئێمە راهاتووین بەیاریکردن لەو جۆرە کەشانەدا، هەوڵدەدەین ئەرکەکەمان جێبەجێ بکەین".
 
مانچێستەر سیتی کە لە سێ وەرزی رابردوودا نازناوی خولەکەی لای خۆی قۆرخکردووە، ئەمساڵ ترسی هەبوو لەوەی هەمان توانا و هەمان ویست و برسێتی بۆ هێشتنەوەی نازناوەکە لای خۆی نەبینێتەوە، بەڵام ئێستا لەبەردەم چەند هەفتەیەکی کەم لە کۆتاییهاتنی خولدا، تیپەکە ویستێکی زۆر بۆ بەدەستهێنانەوەی نازناوەکە پێشاندەداتەوە و ئەوەش کارێکە لای راهێنەری تیپەکە، جێگەی سەرنجە.
 
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی، دەڵێت "بێگومان هەموو تیپەکان و بەتایبەت تیپەکەی ئێمە ماندوون. ئەمە شتێکی ئاساییە لە کۆتایی وەرزدا، بەڵام لەهەمان کاتدا کارەکە سەرنجڕاکێشە، کاتێک دەبینین جارێکی دیکە لەپێناو بردنەوەی خولدا دەجەنگین. ئەمە خەونێک بوو بووە راستی. راشکاوانە بڵێم پێشبینی ئەوەم نەدەکرد. دەزانم خەونی گەورە ئەوەیە کە هەمیشە رکابەر بیت، بەڵام لەگەڵ ئەو رووداوانەی وەرزی رابردوو روویاندا، پێموابوو ئێمە بەئاسانی جارێکی دیکە ناتوانین ببینەوە رکابەر لەسەر نازناوەی خولەکە".
 
تیپە ماندووەکەی پێپ گواردیۆلا، هەفتەکان دەژمێرێت و چاوی لە بەدەستهێنانی هەموو خاڵە بەردەستەکانە، تاوەکو جارێکی دیکە وەک پاڵەوان بگاتەوە کۆتایی خولەکە، کۆتاییەک ئەگەرچی ماندوو و شەکەتیشی بکات، بەڵام لاپەڕەیەکی دیکەی مێژوویی بەناوی یانەکەوە دەنووسێتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئامادەبوونی هاندەران لە ستۆدیۆی تایبەتی رووداو بۆ رووماڵی یارییەکانی یۆرۆی 2024. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

بینەرانی رووداو بوونە براوەی یۆرۆ 2024

بینەرانی رووداو بەشێوەیەکی زۆر ئینتراکتیڤ بەشدارییان لە بەرنامەکانی رووداو دا کرد، بۆ نیشاندانی بۆچوون و پێشبینییەکانیان، بە ملیۆنان تێچێن (کۆمێنت) بەشدارییان لەگەڵ بەرنامەی (ستۆدیۆی یۆرۆ)ی رووداو دا کرد. 84 بینەری رووداو لە پارێزگا جیاوازەکانی کوردستان بوونە براوەی خەڵاتەکانی رووداو. خەڵاتەکانیش بەوشێوەیە بوون:( یەک ئۆتۆمبێل، 23 تەلەڤزیۆن، 23 لیرەی زێڕ، 28 ئایپاد، 20 مۆبایلی زیرەک، 12 دەست کەلوپەلی نێوماڵ).