رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریدا رۆژی 29ـی کانوونی دووەم، دەوامی فەرمی لە فەرمانگەکان زووتر تەواوبکرێن، بۆ ئەوەی خەڵکی ئەو وڵاتە بتوانن سەیری یاریی هەڵبژاردەکەیان بکەن لە جامی ئاسیا.
سبەینێ کاژێر 14:30، لە قۆناخی 16ـی جامی ئاسیا هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و ئوردن رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە و براوەی یارییەکە راستەوخۆ بۆ قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکە سەردەکەوێت، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەیەوێت هەموو خەڵکی وڵاتەکەی هانی هەڵبژاردەکەیان بدەن، بەو هۆیەوە بڕیاریدا سبەینێ دەوامی فەرمانگەکان کاژێر 14:00 کۆتایی پێبهێنرێت.
ئەمە جاری یەکەم نییە سوودانی پاڵپشتی خۆی بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی دووپاتدەکاتەوە، لە ماوەی رابردوودا کاتێک لە یاریی دووەمی قۆناخی کۆمەڵەکان هەڵبژاردەی عێراق بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە ژاپۆنی پاڵێوراوی نازناوەکەی بردەوە، سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بڕی 13 هەزار دۆلار وەک خەڵات بداتە هەر یاریزانێکی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی.
هەڵبژاردەی عێراق لە قۆناخی کۆمەڵەکانی جامی ئاسیادا، بە سێ بردنەوەی لەسەریەک مێژوویەکی گەورەی تۆمارکرد و 9 خاڵی بەدەستهێنا و بەیەکەمی کۆمەڵەی چوارەم گەیشتە قۆناخی 16 و رۆژی دووشەممە بەرامبەر هەڵبژاردەی ئوردن یاریی دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ