ئەمشەو پاڵەوانی ئەوروپا و جیهان دەردەکەوێتەوە

27-12-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن مانچێستەر سیتی بۆکسینگ دەی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە دەرەوەی یاریگەی خۆی و لە نێو یاریگەی خۆیدا، رکابەرەکەی بەهێز و بەتوانا بێت یان ئاسایی و نۆرماڵ، لە کۆتاییدا چێڵسی لە نێو زۆنگاوی ئەنجامە خراپەکانیدا، دەست بەتاڵەپووشی ئومێدەوە دەگرێت و دەیەوێت کەمێکی دیکە لە ناوچە مەترسیدارەکەی دابەزین دووربکەوێتەوە.
 
چێڵسیی ئێستا، لە تیپێکی گەورە و خاوەن مێژووی نێو پرێمەرلیگ و براوەی چامپیۆنزلیگ ناچێت، بەڵکو لە تیپێکی سەرلێشێواوی بێئامانج دەچێت کە خۆی داوەتە دەست قەدەری ئەنجامە خراپەکان و ناتوانێ لە بازنەی بۆشی ئەو ئەنجامانە بێتە دەرەوە.
 
لە چێڵسی دۆخەکە بەشێوەیەکە کە ماوریسیۆ پۆچەتینیۆی راهێنەریش ناتوانێ ئەوە یەکلابکاتەوە کە هۆکاری راستەقینەی ئەو دۆخە خراپە چییە.. لێکدانەوەیەکی روونی بۆ رووداوەکانی تیپەکەی نییە و تیپەکە هەر هێندەی لە یارییەکەدا بەباشی دەردەکەوێت، هەر زوو دەگەڕێتەوە سەر ئاستە خراپەکەی خۆی و ئیدی شکستێکی دیکە دەنووسێتەوە.
 
هەمووان دەزانن کە پێشبینیکراوبوو چێڵسی زۆر لەوە باشتر بێت کە ئێستا هەیە، زنجیرەیەک کڕینی یاریزان و خەرجکردنی پارەیەکی زۆر و هەموو شتێکی نوێ لە تیپەکەدا، پێشبینی گەڕانەوەی چێڵسی بۆ نێو ریزی گەورەکان هێنابووە ئاراوە، بەڵام هەموو شت پێچەوانە کەوتەوە و یارییەکەی ئەمشەو بەرامبەر کریستاڵ پاڵاس، تاقیکردنەوەیەکی دیکە پڕ لە ترس دەبێت بۆ یانەکە.
 
یارییەکی دیکەی ئەمشەوی بۆکسینگ دەی لە پرێمەرلیگ.. دەرکەوتنەوەی مانچێستەر سیتی دەبێت پاشئەوەی بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا نازناوی مۆندیالی یانەکانی بردەوە و بەو هۆیەشەوە لە چەند گەڕی رابردووی پرێمەرلیگ، بەشداریی نەکرد.
 
مانچێستەر سیتی بەهۆی دەرکەوتنی لە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکەی فیفا لە سعودیە، کەمێک تیشکی میدیای ئینگلتەرای لەسەر خۆی لابرد، بەڵام بەرلەوە، ئەنجامەکانی تیپەکە جێگەی پرسیاری زۆربوون، چونکە سیتی بەرلەوەی بەرەو مۆندیال یانەکان بەڕێبکەوێت، لە دوایین شەش یاریی خۆیدا، تەنیا یەک بردنەوەی بەدەستهێنابوو.
 
سیتی، وەرزێکی ناوازە و مێژوویی هەبوو، ئەو نازناوانەی لە ساڵەکەدا بەدەستی هێنان، ئەویان بردە لووتکەی یانەکانی جیهان، بەڵام ئەو دەستکەوتانە پێدەچێ کەمێک لە ویستی رکابەریی و حەزی سەرکەوتنەکانی تیپەکەیان کەمکردبێتەوە، چونکە هزری تیپەکە وەک چەند ساڵی رابردووی پتەو و پۆڵایین دەرناکەوێت و زوو خۆی بەدەست ویست و توانای بردنەوەی رکابەرەکانییەوە دەدات.
 
مانچێستەر سیتی، ئەمشەو ئەرکی ئاسان نییە، لە شاری لیڤەرپوول و لە یاریگەی گۆدیۆنسۆن پارک، بەرامبەر ئیڤێرتن یارییدەکات، ئەو تیپەی کە شکاندنی دە خاڵ لە کۆی خاڵەکانی وەرزی ئەمساڵ لێی، بەسەر بەدبەختییەکانی خۆیدا راپەڕی و لە دوایین دە یارییدا، شەش بردنەوەی بەدەستهێنا کە سەرکەوتن بەسەر گەورەکانی وەک نیوکاسڵ، وێستهام و چێڵسی تێدابوو، جەنگی ئیڤێرتن، جەنگی خۆرزگارکردنە لە ناوچەی مەترسیداری دابەزین، لە کاتێکدا مانچێستەر سیتی دەبێ بەڵێنی بەردەوامبوون بەرکابەریی لەسەر نازناوی خولەکە، بەهاندەرەکانی بدات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە