5 یاریزانی بۆ جامی ئاسیا بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق دەکرێن

27-12-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن هەڵبژاردەی عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لیستی یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق، بۆ یارییەکانی جامی ئاسیای داهاتوو راگەیێنرا، 5 یاریزانی کورد لە لیستی کۆتایی هەڵبژاردەکەدان.
 
خیسوس کاساس، راهێنەرە ئیسپانییەکەی هەڵبژاردەی عێراق، لەنێو یاریگەی بەسرەی نێودەوڵەتی دەرکەوت و بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش لیستی کۆتایی یاریزانەکانی بۆ جامی ئاسیای داهاتوو راگەیاند، کە رکابەرییەکانی لە مانگی داهاتوودا لە قەتەر بەڕێوەدەچن.
 
لە هێڵی بەرگریی هەڵبژاردەی عێراقدا دوو یاریزانی کورد بانگهێشتکراون، کە هەریەکە لە مێرخاس دۆسکی لە خولی چیک و ئالان محیەدین، لە خولی سوێد یارییدەکەن.
 
لە هێڵی ناوەڕاستی هەڵبژاردەی عێراقدا، سێ یاریزانی دیکەی کورد هەن، ئەوانیش ئۆسامە رەشید لە خولی پۆرتوگال، یوسف ئەمین لە خولی ئەڵمانیا و ئەحمەد عەلی لە خولی تۆپی پێی فەرەنسا.
 
هەڵبژاردەی عێراق دوای راگەیاندنی لیستی کۆتایی تیپەکەی بۆ جامی ئاسیای داهاتوو، چاوەڕواندەکرێت چەند رۆژێکی دیکە بۆ کەمپێکی مەشق و راهێنان بچێتە ئەبوزەبی و خۆی بۆ یارییەکان ئامادەبکات، لەوێشەوە شاندەکە دەچێتە دەوحە بۆ بەشداریکردن لە رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکەدا.
 
عێراقی خاوەنی نازناوی ساڵی 2007 لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی چوارەمدا یاریی دەکات، یەکەم یاریی بەرامبەر هەڵبژاردەی ئیندونیزیا دەبێت، لە دووەم یارییدا رووبەڕووی هەڵبژاردەی ژاپۆن دەبێتەوە و دوایین یاریی قۆناخی کۆمەڵەکانیشی بەرامبەر هەڵبژاردەی ڤێتنامە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە