ڤیدیۆ؛ خیرۆنا، چیرۆکی ئەو یانەیەی بۆ ریال مەدرید و بارسێلۆنا بووەتە سەرئێشەیەکی گەورە

27-11-2023
رووداو وەرزشی
هاندەرانی یانەی خیرۆنا
هاندەرانی یانەی خیرۆنا
نیشانەکردن یانەی خیرۆنا
A+ A-
 

رووداو دیجیتاڵ

ئامانجی خیرۆنا لە سەرەتای وەرزدا روون بوو، کە بریتی بوو لە پێشکێشکردنی هەموو هەوڵێک بۆ دڵنیابوون لە مانەوە لە لالیگا، بەڵام ئەنجامەکانی تیپەکە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یانەکە، ئیگناسی ماس باجای سەرسام کرد، چونکە تیپەکەی بۆ ماوەیەکی زۆر و پێشەنگی خولەکەی گرتووە و تەنانەت ئەگەر ئەمڕۆ یارییەکەی بباتەوە دەبێتەوە پێشەنگ، کە بەشێوەیەکی کاتی پێشەنگ چووەتە دەست ریال مەدرید.
 
ئیگناسی ماس باجا، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یانەی خیرۆنا دەڵێت "هەرگیز ئەم سەرکەوتنەم بە خەیاڵدا نەدەهات، تیپەکە لە رووی داراییەوە بە بارودۆخێکی سەختدا تێدەپەڕی کاتێک لە ساڵی 2015 هاتمە ئێرە، ئێمە لە روانگەی وەرزشییەوە کارێکی باشمان دەکرد و لە خولی پلە دوو بووین و شەڕمان دەکرد بۆ ئەوەی سەرکەوین بۆ خولی پلە یەک، بەڵام لە کۆتاییدا نەمانتوانی ئەوە بەدەستبهێنین. بەڵام من خەیاڵم نەدەکرد کە رۆژێک لەم دۆخەدا دەبین کە ئێستا تێیداین و تیپەکەمان لە خولی پلە یەک و لە پێشەنگی لالیگادا دەبینین".
 
خیرۆنا بە کۆکردنەوەی سی و پێنج خاڵ پلەی دووەمی ریزبەندیی بەدەستهێناوە، خاڵێک لەدوای ریال مەدریدەوەیە، بەڵام چانسی ئەوەی هەیە ئەمڕۆ پێشەنگی خولەکە بەدەستبهێنێتەوە.
 
ئەو تیپە لە لیستی زۆرترین مووچەی یاریزانانی خولی ئیسپانیادا پلەی سێزدەیەمی گرتووە، بەڵام سوودمەندە لە پاڵپشتی دارایی گرووپی تۆپی پێی سیتی کە سەر بە گرووپی گەشەپێدان و وەبەرهێنانی یەکگرتووی ئەبوزەبییە، هەروەها لە ئەزموون و زانیاری و یاریزانانی دوانزە یانە سوودمەندە کە گرووپەکە خاوەندارێتییان دەکات، لە سەرووشیانەوە مانچێستەر سیتیی پاڵەوانی ئەوروپا.
 
ئیگناسسی ماس باجا، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یانەکە لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەبارەی یانەکەیانەوە گوتی "بوون لەنێو گرووپی تۆپی پێی سیتی دەرفەتێکی زۆر باشمان پێدەدات بۆ ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموونەکان و رێگەمان پێدەدات یاریزانی باش بەدەستبهێنین کە بتوانن بە خواستن لێرە یاری بکەن، بەڵام دەبێت تێبکۆشین بۆ بەدەستهێنانی ئەوانیش، ئەوان لە بازاڕی گواستنەوەدان و تیپەکانی دیکە دەیانەوێت تواناکانیان بەدەستبهێنن و هەرچەندە ئێمە بەشێکین لە گرووپەکە، بەڵام ناتوانین یاریزانان ناچار بکەین بێنە ئێرە یاری بکەن. بەڵکو دەبێت بڕوایان پێبکەین و پڕۆژەیەک پێشکێشیان بکەن".
 
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تیپەکە پێیوایە سەرکەوتنەکانی تیپەکە لەم وەرزەدا کە بریتین لە 11 سەرکەوتن و یەک یەکسانبوون و شکستێک لە 13 یارییدا، دەگەڕێنێتەوە بۆ شایستەیی ستافی راهێنەرایەتی بە سەرۆکایەتی میشێل سانچێز و بەڕێوەبەری کاروباری وەرزشیی تیپەکە، کویکۆ کارسێل.
 
دوای دوو ساڵ لە وەرگرتنی پۆستی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یانەکە لەلایەن ماسەوە، کە بەدەست قەیرانی داراییەوە دەناڵاند و بووە هۆی مایەپووچبوونی، خەونی تیپەکە لە لە 2017 هاتە دی کاتێک بۆ یەکەمجار لە ماوەی 87 ساڵدا سەرکەوت بۆ لالیگا، کە لەو ساڵەدا لەلایەن گرووپی ئەبوزەبی بەهاوبەشی لەگەڵ پێرێ گواردیۆلای برای پێپ گواردیۆلای راهێنەری مانچێستەر سیتییەوە کڕدرا.
 
تیپەکە دەرفەتی ئەوەی بە ژمارەیەک یاریزان دا تواناکانیان بسەلمێنن، وەک ئێریک گارسیا و پابلۆ تۆرێی یاریزانانی بارسێلۆنا، کە بەشێوەی خواستن یارییان بۆ کرد. هەروەها دالی بلیندی یاریزانی پیشووی مانجێستەر یونایتد و ئایاکسیش یاری بۆ کرد، لەگەڵ هەردوو یاریزانی ئیسپانیۆل، داڤید لۆپێز و کریستیان ستوانی کە چوونە ریزەکانی و توانیان خەونی هاندەرانی یانەکە بێنەجێ.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە