ئەنچێلۆتی: لەوە ناترسم کرووس و مۆدریچ بکەمە یەدەگ

27-09-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کارلۆ ئەنچێلۆتی تۆنی کرووس لوکا مۆدریچ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری ریال مەدرید، رەتیکردەوە لەوە بترسێت لوکا مۆدریچ و تۆنی کرووس لەسەر کورسیی یەدەگ بهێڵێتەوە، گوتیشی "گوێ نادەمە رەخنەی خەڵکی و خۆم دەزانم چی دەکەم". هەروەها گوتیشی "کێپا گۆڵپارێزێکی گەورەیە و دەتوانێت خۆی لەگەڵ ریال مەدرید بگونجێنێت".
 
کارلیتۆ لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەی ئەمشەویان بەرامبەر لاس پاڵماس، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و سەرەتا لە وەڵامی پرسیارێکدا، کە ئایا دەوێرێت یاری بە مۆدریچ و کرووس نەکات؟ گوتی "ئێوە لێم دەپرسن کە ناوێرم کرووس و مۆدریچ لەسەر کورسی یەدەگ بهێڵمەوە؟ ئەمە راست نییە. ئەمە راست نییە". 
 
ئەو لەو بارەیەوە زیاتر گوتی "لێرەدا هەموو یارییەک گرنگە. مۆدریچ و کرووس لەم دواییانەدا زۆر یارییان نەکردووە، بەڵام کاتێک یاری دەکەن هەمیشە ئەوەندە بە تیپەکە دەبەخشن وەک ئەوەی لە سەرەتاوە دەستپێدەکەن. ئەگەر ناچاربم وەڵامی هەموو ئەو هۆکارانە بدەمەوە کە پرسیارم لەبارەیانەوە لێدەکرێت، دەبێت کاتێکی زۆر لێرە بەسەربەرم. پێموانییە ئەوە پێویست بێت".
 
راهێنەرە ئیتاڵییەکەی یانە ئیسپانییەکە، گوتیشی "رەخنەکان کاتێک ئاسایین کە شتەکان بەباشی بەڕێوە ناچن، ئەوە تەواو ئاساییە و کاریگەری لەسەر من نییە. پێویستە رەخنە لە خۆم بگرم و هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە بکەم کە ئێمە چی دەکەین. چیمان کردووە، و ئەو شتانەی کە بە باشیمان کردوون، کە زۆرن، و ئەو شتانەی کە لە کاتی یارییەکەی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدریددا بەباشی نەمانکردن و تەنیا چەند شتێکن". 
 
ئەنچێلۆتی زیاتر گوتی "شتێک هەیە کە پێویستە سەرنجی لەسەر بدەین. دیارە هەڵسەنگاندنی من جیاوازە لە هەڵسەنگاندنی کەسانی دیکە. گوێ بە کەسانی دیکە نادەم. من بەتەواوی دەزانم دەبێت چی بکەم و یاریزانەکان دەزانن کە پێویستە لە چیدا پێشبکەوین".
 
راهێنەری یانەی شاهانە، لە کۆتایی قسەکانیدا، پەسنی کێپای گۆڵپارێزی تیپەکەی دا و گوتی "متمانەی تەواوم بە کێپا هەیە، ئەو گۆڵپارێزێکی گەورەیە، خۆی بەباشی دەگونجێنێت و کاری زۆر باش دەکات، ئەو سێ گۆڵەی کە لێکران کێشەیەکی بەکۆمەڵ بوو، هەمووان پێویستیان بە باشترکردنی شتێک هەیە، من پێم خۆش نییە ئاماژە بە کەس بکەم، من حەزم لەوە نییە. پێموایە کێپا دەیتوانی شتێک بکات بۆ ئەوەی ئەو سێ گۆڵەی لێنەکرێت".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە