سەرۆکی فەرەنسا جارێکی دیکە باسی چارەنووسی ئێمباپێ دەکات

27-06-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن فەرەنسا کیلیان ئێمباپێ ئیمانوێل ماکرۆن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، جارێکی دیکە باسی لە چارەنووسی کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی کرد، باسی لە هەوڵی شکستخواردووی خۆی لەگەڵ ئەو یاریزانە کرد.
 
لە ماوەی رابردوودا باسوخواسی چارەنووسی ئێمباپێ گەرمبووە، بەتایبەت کە ئەو یاریزانە رایگەیاند نایەوێت گرێبەستەکەی لەگەڵ سانجێرمان بۆ ساڵێکی دیکە نوێبکاتەوە و هاوینی داهاتوو دەڕوات. لە کاتێکدا سانجێرمان بڕیاریداوە ئەمساڵ بیفرۆشێت، بۆ ئەوەی هاوینی داهاتوو بەخۆڕایی نەڕوات.
 
رۆژنامەی 'لوپاریزیان'ی فەرەنسی دەڵێ، "ماکرۆن رووبەڕووی هەڵوێستێک بووەتەوە کە ناچاریکردووە دانبەوەدابنێت کە ئێمباپێ تەنیا یاریزانێکی تۆپی پێ نییە، بەڵکو سیمبولێکی نیشتمانیی فەرەنسییە".
 
بەپێی هەواڵی ئەو رۆژنامەیە، ماکرۆن سەردانی مارسیلیای کردووە بەر لە سێ رۆژ، بۆ بەشداریکردن لە پڕۆژەی رێکلامکردن و پلانی ئابووریی هەڵسانەوەی شارەکە، لەوێ لە نزیکەوە قسەی لەگەڵ چەند منداڵێکدا کردووە.
 
یەکێک لە منداڵەکان لە ماکرۆنی پرسیووە، دەتوانی تەلەفۆن بۆ ئێمباپێ بکەیت، چونکە ئاواتی من لە ژیاندا ئەوەیە کە ئەو یاریزانە ببینم پاریس سانجێرمان بڕوات و بێتە یانەی مارسیلیا.
 
لە وەڵامی ئەو منداڵەدا، ماکرۆن گوتوویەتی، "منیش هاندەری مارسیلیام، بەڵام ناتوانم ئەوە بکەم، دەزانی بۆ؟ چونکە هەوڵمدا و شکستم هێنا".
 
ماکرۆن پێشتر دووجار رێی لە رۆیشتنی ئێمباپێ لە سانجێرمان گرتبوو و لە ماوەی رابردووشدا دووپاتیکردەوە کە هەوڵدەدات ئەو یاریزانە لە فەرەنسا بمێنێتەوە، بەرلەوەی ئێمباپێ بڵێ، کاریگەریی سەرۆک ماکرۆن لەسەر ژیانم لە 2023دا، سفرە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە