بنزیما دەیەوێت ئەستێرەیەکی ریال مەدرید بباتە ئیتیحاد

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن فێرلان مێندی کەریم بنزیما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

کەریم بنزیما، ئەستێرەی فەرەنسی، هێرشبەری یانەی ئیتیحادی سعودی، هەوڵدەدات یەکێک لە ئەستێرەکانی ریال مەدرید بباتە خولی سعودی بۆ ئەوەی لەگەڵیدا لە ئیتیحاد یاری بکات.
 
بنزیما لە گواستنەوەکانی هاوینەی ساڵی 2023 پەیوەندی بە یانەی ئیتیحادەوە کرد، بە گواستنەوەیەکی بێبەرامبەر، دوای کۆتاییهاتنی ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی.
 
ئێستا بنزیما بەهۆی پێکانەوە، کە لە دێربیی جەدە بەرامبەر ئەهلی، لە گەڕی نۆیەمی خولی رۆشنی سعودیە تووشی بوو، لە یانەی ئیتیحاد دوورکەوتووەتەوە.
 
گرێبەستکردن لەگەڵ ئەستێرەیەکی ریال مەدرید
 
ئێدواردۆ ئێندای میدیاکار، لە بەرنامەی ئیل چیرینگویتۆدا ئاشکرایکرد کە کەریم بنزیما دەیەوێت یانەکەی کە ئیتیحادە گرێبەست لەگەڵ فێرلاند مێندی هاوڕێی پێشووی لە ریال مەدرید بکات.
 
ئیدواردۆ ئیندا، گوتی "کەریم بنزیما پێشنیازی بۆ فێرلاند مێندی کردووە کە وەرزی داهاتوو لەگەڵیدا بچێتە یانەی ئیتیحاد، بە سوودوەرگرتن لە دۆخی یاریزانەکە لە ریال مەدرید".
 
روونیشیکردەوە "مێندی داوای زیادکردنی مووچەکەی دەکات و لە ریال مەدرید ئەوە بەدەستناهێنێت، ئەمەش وایلێدەکات نزیک بێتەوە لە رۆیشتن".
 
هەڵوێستی ریال مەدرید
 
ریال مەدرید هیچ بەربەستێک ناخاتە بەردەم رۆیشتنی فێرلاند مێندی، بەڵکو رێک بەپێچەوانەوە حەزدەکات بڕوات، چونکە لەگەڵ هاتنی ئەلفۆنسۆ دەیڤز، پێگەی بەرگریکاری چەپ لە ئێستاوە لەلایەن بەرگریکاری کەنەدی و فران گارسیا دەستی بەسەردا گیراوە.
 
زێدەباری ئەوەی یانەی شاهانە بژاردەی گەڕاندنەوەی میگێل گوتیرێزی یاریزانی لاوی خۆیشی لەپێشە، ئەگەر 8 ملیۆن یۆرۆ بداتە جیرۆنا.
 
جگە لەوەش کارلۆ ئەنچێلۆتی کە تاکە پشتیوانی فێرلاند مێندییە لە ریال مەدرید، تەنانەت خۆیشی دڵنیا نییە کە وەرزی داهاتوو لەسەر کورسی راهێنەر لە بێرنابیۆ بەردەوام دەبێت یان نا، هەرچەندە گرێبەستەکەی تاوەکو هاوینی ساڵی 2026 بەردەوامە.
 
هاتنی دەیڤز چارەنووسی مێندی مۆر دەکات
 
مێندی دەزانێت هاتنی ئەلفۆنسۆ دەیڤز بۆ ریال مەدرید بەشێوەیەکی ریشەیی پێگەی لە تیپی شاهانە دەگۆڕێت، و لەوانەیە لەسەر کورسی یەدەگدا قەتیسی بێت.
 
هێشتا زۆر بابەت ماوە لە زنجیرەی مێندیدا بنووسرێتەوە، بەڵام گرێبەستەکەی کە بەم دواییە تاوەکو ساڵی 2027 نوێکرایەوە، تاکە شتێکە کە گەرەنتی مانەوەی لە تیپەکەدا دەکات.
 
هەرچەندە بەپێی هەندێک سەرچاوە، یانەی ریال مەدرید پێشتر گرێبەستەکەی لەگەڵ ئەلفۆنسۆ دەیڤز تەواو کردووە، بەڵام مێندی ئێستا نایەوێت بڕیارەکەی بدات، چاوەڕێی دەستپێکردنی وەرزی گواستنەوەی هاوینە دەکات، کە لەڕاستیدا لەوانەیە رۆیشتن بۆ خولی سعودیە هەڵبژێرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە